دەستپێشخەریی کوردستان بپارێزە (Defend Kurdistan) لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک دەستی بە رێکخستنی زنجیرە رێپێوانێکی درێژ مەودا کردووە. رێپێوانەکە لە شاری لۆزانی سویسرا بۆ ماوەى ٣ رۆژ دەستیپێکردووە و بە گەیشتنە شاری جنێڤ کۆتایی پێ دێت.
پێش دەستپێکردنی رێپێوانەکە لە بەردەم بینای شاتۆ ئۆشی (Château d'Ouchy) کۆبوونەوەیەک رێکخرا، کە لەو بیانەیەدا رێککەوتننامەى لۆزان لەلایەن هێزە ئیمپریالیستەکانەوە ئیمزا کرا و کوردستان کرا بە چوار پارچەوە.
چالاکوانان دوای کۆبوونەوەکە بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کوردان دەستیان بە وتنەوەى دروشم کرد و بە دەم وتنەوەى دروشمەوە دەستیان بە رێپێوانەکەیان کرد.
چالاکوانان لە دوای بڕینی ٢٥ کیلۆمەتر رێگا بە رێپێوان گەیشتنە شاری مۆرجیس. بەوەش یەکەم رۆژی رێپێوانەکە لە مۆرجیس کۆتایی پێهات.
چالاکوانان ئەمڕۆ دەست بە رێپێوانەکەیان دەکەنەوە و لە رۆژی دووەمی رێپێوانەکەیاندا دەڕۆن بۆ شاری نیۆن.
ژ.ت