یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا داوایکرد ڕۆژنامەنووسانی باکووری کوردستان ئازاد بکرێن

یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا (دی جی ڤی / DJV) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوایکرد، ڕۆژنامەنووسانە دەستگیرکراوەکان لە ئامەد ئازاد بکرێن.

یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا (دی جی ڤی / DJV) داوای لە حکومەتی تورکیا کرد، دەست لە گوشار خستنە سەر ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر هەڵبگرێت و بەخێرایی رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات.

دی جی ڤی نزیکەی ٣٠ هەزار ئەندامی هەیە و گەورەترین ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپایە. دی جی ڤی بە بڵاوکردنەوەى ڕاگەیاندراوێک نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە زۆربوونی گوشارەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان خستەڕوو.

ڕاگەیەندراوەکەی دی جی ڤی بە ناونیشانی "ڕاوکردنی رۆژنامەنووسان" بڵاوکرایەوە و تیادا سەرنجی خستووەتە سەر داخستنی کەناڵەکانی ئەو رۆژنامەنووسانە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، کە لە دەرەوەی تورکیا و لە دورخراوەیدا دەژین.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕەخنە لە دەستگیرکردنی ٢١ کەس گیراوە، کە ٢٠ کەسیان ڕۆژنامەنووسن و لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان دەستگیرکراون.

پرۆفیسۆر دکتۆر فرانک ئۆبیرال سەرۆکی دی جی ڤی ڕایگەیاند، ئەوەی ئەنجامدراوە نیشانەی هێڵی سەرۆک کۆماری تورکیایە، کە میدیاکان بە دوژمن دەزانێت. ئەوە سیاسەتێکە، کە ساڵەهای ساڵە بۆ چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی دەنگە سەربەخۆکان بەکاری دەهێنێت.

  هەروەها ئوبیرال داوای لەحکومەتی تورکیا کرد، کە دەستبەجێ ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات.

بانگەواز

ئوبیرال ڕاشیگەیاند، گوشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان لەم چەند هەفتەیەی دواییدا نابێت بێ ئەنجام و بە سادەیی تێپەڕێت و داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد بە ئاشکرا بە ئەردۆغان بڵێت، کە "جێبەجێکردنی سیاسەتی ڕاوکردنی ڕۆژنامەنووسان تاوانێک نییە، کە مرۆڤ دڵی پێی خۆش بێت".

هاوسەرۆکی کۆمەڵەى رۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (دەفەگە / DFG) سەردار ئاڵتان، بەڕێوەبەری ژن نیوز سافییە ئالاگاش، سەرنوسەری ژن نیوز گوڵشەن کۆچوک، سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA) عەزیز ئۆروچ، بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی خۆبوون محەمەد عەلی ئەرتاش، عومەر چەلیک، سوعاد دوگوخان، ڕەمەزان گەجیکەن، ئەسمەر تونچ، نەشە تۆپراک، زەینەل عابدین بولوت، مەزڵوم دۆغان گولەر، محەمەد شاهین، ئەلیف ئونگور، ئیبراهیم کۆیونجو، ڕەمزیە تەمەل،  محەمەد یاڵچین، عەبدولڕەحمان ئۆنجو، لەزگین ئاکدەنیز، قادر بایرام و فەیناز کۆچوک، ماوەی ٦ ڕۆژە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە لە ئامەد دەستگیرکراون.

ژ.ت