ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوای لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی لە چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک دەکەن

دەستەى دۆستایەتیی کورد پەرلەمانی ئەوروپا داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەویی کرد لەسەر ئەو چەکە کیمیاییانە، کە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان بەکاریان دەهێنێت.

دەستەى دۆستایەتیی کورد پەرلەمانی ئەوروپا داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەویی کرد لەسەر ئەو چەکە کیمیاییانە، کە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان بەکاریان دەهێنێت.

هاوسەرۆکانی گروپی دۆستایەتیی کورد فرانسوا ئەلفۆنسی (پارتی سەوز/ ئیفا، فەرەنسا)، ئەندریاس شیدەر (ئێس دی، نەمسا)، نیکۆلاج ویلیامسۆن (چەپ، دانیمارک) لە پەرلەمانی ئەوروپا داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەوەییان لە سەر ئەو چەکە کیمیاییانە کرد، کە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان بەکاریان دەهێنێت.

ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لە راگەیاندنێکی هاوبەشیدا ڕایانگەیاند: "لە کوردستانی عێراق (باشوور) سەدان پەرلەمانتار، ڕۆژنامەنووس، ڕۆشنبیر، چالاکوانی مافی ژنان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان هۆشداری دەدەن، کە دەوڵەتی تورک لە کاتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیدا لەسەر خاکی عێراق چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت".

ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکەن، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW)  و نوسینگەی کاروباری چەکداماڵینی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوەیەک لەوبارەیەوە دەستپێبکەن و کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ لەو پێناوەدا دابمەزرێنن.

راشیانگەیاندووە، "تورکیا لە سوریا (رۆژئاوا) و عێراق (باشوور) لە ناوچە کوردییەکاندا سیاسەتی هێرشبەرانەى زیاتر کردووە و ماف و یاسا نێونەتەوەییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ دانراو پێشێل دەکات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەگەر دەستێوەردانێکی بەهێز و دەستبەجێ ئەنجام نەدرێت، تورکیا لە ئەنجامدانی ئەو کردەوە دژە  ئاشتیانەیەدا بوێری وەردەگرێت و زیاتر خۆی لێ شێرە دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دەستەى دۆستایەتیی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا پشتیوانی لەو بانگەوازە دەکات، کە دەیەوێت ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەستبەجێ دەستبەکار ببن و شاندێکیش بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەى ناوچەکە و شوێنی بەکارهێنانی چەکە کیمیاوییەکان بکەن".

ژ.ت