ئەندریاس کرستین: ئەوروپا لە سایەی پەکەکەدا ئارامە
ئەندریاس کرستین ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی زوریخ رایگەیاند، ئەوروپا لە سایەی تێکۆشان و قوربانییەکانی پەکەکە لە دەستی داعش پارێزراوە.
ئەندریاس کرستین ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی زوریخ رایگەیاند، ئەوروپا لە سایەی تێکۆشان و قوربانییەکانی پەکەکە لە دەستی داعش پارێزراوە.
ئەندریاس کرستین بەشداربووی کەمپەینی دەستپێشخەریی دادپەروەریی بۆ کورد وتی، پێویستە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا پەکەکە لە 'لیستی تیرۆر' دەربهێنرێت.
ئەندریاس کرستین لە لیستی ئەلتەرناتیڤ (AL) و ئەندامی پردی برایەتیی زوریخ- ئامەدە و بەشداریی لە هەڵمەتی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی 'ڕێکخستنە تیرۆریستییەکانی' یەکێتی ئەوروپادا کردوە.
پشتیوانی لە تێکۆشانی پەکەکە دەکەم
کرستین دەربارەی هەڵمەتەکە و کەمپەینەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
کرستین باسی لە کۆمەڵگەی کورد لە ئەوروپا کرد و ڕایگەیاند، نابێت بە بێباکی لە زوڵم و ستەم و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە گەلی کورد نزیک ببینەوە. کرستین وتی: "من بەشداریی زۆر کارم کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و بەو شێوەیە ویستومە زوڵم و ستەمی سەر گەلی کورد ببینرێت. من پشتیوانی لە تێکۆشانی پەکەکە دەکەم و دەمەوێت پەکەکە لە 'لیستی تیرۆر' بسڕێتەوە. بەو بڕوایەوە، کە ئەو کەمپەینە پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلی کورد دەکات، منیش بەشداریم لە کەمپەینەکەدا کردووە و ئیمزاشم کردووە".
پێویستە گوشار بخرێتە سەر دەوڵەتی تورک
کرستین ئاماژەی بەوەکرد، بۆ پاراستن و دابینکردنی ئاشتی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەرجە سەرەتا پەکەکە لەو لیستە دەربهێنرێت. بۆ ئەوەی شەڕی نێوان پەکەکە، کە نوێنەرایەتیی گەلی کورد دەکات و دەوڵەتی تورک کۆتایی پێ بێت، پێویستە دەوڵەتە نێونەتەوەییەکان هەنگاو بنێن و گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورک.
پەکەکە نوێنەری ڕەوای گەلی کوردە
کرستین ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی هەڕەشەکانی دژ بە پەنابەران و بەهۆی ڕێککەوتنی سەربازی و بازرگانییەوە کردەوە و پێشێلکارییەکانی دژ بە گەلی کورد نابینێت و پشتگوێیان دەخات. راشیگەیاند، "پەکەکە نوێنەری ڕەوای گەلی کوردە. کۆتایهێنان بەتاوانبارانکردنی پەکەکە دەبێتە هۆی ئەوە گوشار بخرێتە سەر تورکیا و لە دانوستانەکانی ئاشتیدا پەکەکە بکرێتە موخاتەب و بەردەنگ. نابێت ئەوروپا هەرگیز ڕۆڵ و فیداکاری و قوربانیی گەریلاکانی کورد لەبیر بکات، کە ڕۆڵێکی گەورە و سەرەکییان لە تێکشکاندنی داعشدا بینیوە. لە سایەی شەڕڤانانی کورددا خەڵکی ئەوروپا لە چەتە جیهادیستەکان پارێزراون".
ژ.ت