ئەنجامدەری کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵی زیندانیکرا

داواکاری گشیتی پاریس بە پاساوی باری دەروونی دەستگیرکردنی بکوژ ویلیام. ئێم-ی هەڵوەشاندبوویەوە، بەڵام بکوژ ویلیام بە تاوانی "بە ئامانج گرتنی نەژادێک، کوشتن بە عەقڵیەتی نەژادپەرستی، هەوڵدان بۆ کوشتن و دابینکردنی چەکی بێ مۆڵەت" بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکرا.

بکوژ ویلیام ئێم  لە ٢٣ی کانوونی یەکەم هێرشی کردە سەر ناوەندی ڕۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا لە گەڕەکی ستراسبۆرگ سەنت دێنیس لە پاریس و ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری (کەجەکە)، ئەندامی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) و عەبدولڕەحمان کزلی تیرۆر کرد.

بکوژ ویلیام ئێم برایە بەردەم دادگا و لە دادگا تاوانی "کوشتنی پلان بۆ دانراو، بە ئامانجگرتنی نەژادێک، کوشتن بە عەقڵییەتی نەژادپەرستانە، هەوڵدان بۆ کوشتن و دابینکردنی چەکی بێ مۆڵەت" بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکرا.

دۆسیەیەک لەسەر داواکاری گشتی و بکوژ دەکرێتەوە

کاتێک سەرەتا و بۆ یەکەم جار بکوژ دەستگیرکرا، بە تاوانەکانی "تیرۆر، هەوڵ بۆ ئەنجامدانی تیرۆر، توندوتیژیی چەکداریی بەئەنقەست و پێشێلکردنی یاساکانی پەیوەندیدار بە چەک" لێکۆڵینەوەی لگەڵ کرا و  دادگایی کرا.

ئەنجومەنی دیموکراتیکی کوردی فەرەنسا و دەیڤید ئەندیک پارێزەری بنەماڵەکانی ئەمینە کارا و عەبدولڕەحمان کزل و میر پەروەری تیرۆکراو بەرامبەر ئەو تاوانانە ناڕەزایەتی و تانەیان نیشاندا و ڕایانگەیاند، کەیسەکە سیاسییە و قبوڵی ناکەن دادگا کۆمەڵکوژییەکە لە چوارچێوەی تاوانی ئاسای دا لێکبداتەوە، یان مامەڵەی لەگەڵ بکات.

کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە فەرەنسا (جەدەکە فەرەنسا / CDK-F) و بنەماڵەی میر پەروەر داوای یاساییان دژی بکوژ و  داواکاری گشتیی پاریس تۆمار کرد، چونکا داواکاری گشتی ڕایگەیاندبوو ئەو کۆمەڵکوژییە کردەوەیەک بووە بەپێی میزاجی  نەژادپەرستانە ئەنجام دراوە. هەروەها بڕیاری دەستگیرکردنی بکوژی هەڵوەشاندبوویەوە و هەوڵیشدابوو، لایەنی سیاسی و تیرۆرکاریی کەیسەکە بشارێتەوە.

بنەماڵەی ئەمینە کارا و عەبدولڕەحمان کزل لە ڕێگەی پارێزەرەکانیانەوە داوای یاساییان لەسەر داواکاری گشتیی پاریس و بکوژ تۆمارکرد و ڕایانگەیاند، سکاڵاکەیان بۆ ئەوەیە تاوانی بکوژ "تاوانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تاوانێکی سیاسییە" و دەیانەوێت دادگا لەو چوارچێوەیەدا تاوانبار دادگایی بکات و لێکۆڵینەوەش لە هەوڵەکانی داواکاری گشتیی پاریس بکات بۆ هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی بکوژ.

لەو چوارچێوەیەدا دادگا بڕیاری زیندانیکردن و لێکۆڵینەوەی بۆ بکوژە تیرۆریستەکە دەرکرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمڕۆ کەسوکاری کوردە تیرۆرکراەوکان بە فەرمی بۆ ناسینەوە و دەستنیشانیکردنی تەرمەکان سەردانی پزیشکی داد و دادگا دەکەن.

ژ.ت