ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی لە ئەدەنە؛ چەندین کەسی دەستگیرکران

پۆلیسی تورک لە ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیدا لە ئەدەنە هەڵیانکوتایە سەر کۆمەڵەی کلتوری و هونەریی بەنەفش و چەندین ماڵ. لەو هەڵکوتانەدا هاوسەرۆکانی هەدەپەی شارەکە هێلین کایا و محەمەد کاراکاش دەستگیرکران.

داواکاری گشتی ئەدەنە فەرمانی دەستگیرکردنی ٣٨ کەسی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسی دژ بە کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و هونەریی بنەفش دەرکردووە. لە چوارچێوەی ئەو بڕیار و لێکۆڵینەوەیدا پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ناوەندی کلتوری بەنەفش و چەند ناونیشانێک لە ئەدەنە و ئامەد.

 پۆلیسی تورک لەو هەڵکوتانەدا دەرگای ماڵەکانیان شکاند و سوکایەتیان بە ئەندامانی خێزانەکان کرد.

هاوسەرۆکانی هەدەپەی ئەدەنە هێلین کایا و محەمەد کاراکاش، هاوسەرۆکانی بەدەپە لە هەرێمی چوکورۆڤا شیلان تورگا و ئەنوەر گولەر،  جێگری سەرۆکی شارەوانی سەیهان فوندا بویروک و محەممەد سەعید دیکمەن، عەبدولڕەحمان ئۆراڵ، خەیرەدین ئۆز، سەڤەر ئۆزون، محەمەد ساروخان و مەعسوم ئۆزون و چەندین کەسی تر دەستگیرکران.

پۆلیس لەو هەڵکوتانەدا پشکنینی وردی بۆ بینا و ژوورەکانی کۆمەڵەی کلتوری و هونەری بەنەفش و ژووری جێگری شارەوانیی شارەوانیی سیهان فوندا بۆیروک ئەنجام دا.

بەپێی زانیارییەکان، پۆلیس لە ناو ماڵەکەیدا محەمەد سەعید دیکمەنیان ئەشکەنجە داوە.

هەروەها پۆلیسی دەوڵەتی تورک لەو هەڵکوتانەدا ژنێکیان لە ماڵەکەدا بردووەتە ژوورێک و گوشاریان لێکردووە، کە دەبێت خۆی ڕووت بکاتەوە. ئەوەش بە پاساوی ئەنجامدانی پشکنین ئەنجامدراوە!.

سوکایەتی پۆلیسی دەوڵەتی تورک و توندوتیژییەکانیان هەموو سنوورە مرۆڤایەتییەکانیان تێپەڕاندووە و کەسە دەستگیرکراوەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەدەنە.

ژ.ت