ئێشکگری پەرلەمانتاران بەردەوامە: گۆشەگیری کۆتایی بێت، دیموکراسی دەچەسپێت

پەرلەمانتارانی هەدەپە لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامن لە چالاکی. پەرلەمانتار ئیمام تاشچیەر لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، کە گۆشەگیری بەربەستە لەبەردەم دیموکراسی و دەبێتە هۆی قەیرانی ئابووری.

پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لەپێناو ئەوەی رێگە بە پارێزەران بدرێت، کە بتوانن موەکیلەکەیان عەبدوڵا ئۆجالان ببینن، ٩ رۆژە لە ئێشکگریی دادپەروەریدان. پەرلەمانتارانی هەدەپە لەبەردەم دەرگای دیکمەنی پەرلەمان کۆبوونەوە و بەرەو وەزارەتی داد رێپێوانیان کرد. پەرلەمانتاران تولای حاتیمئۆغیوللاری، ئیمام تاشچیەر، عەبدوڵا کۆچ، ئەرداڵ ئایدەمیر، ئایشە سوروجو، حسێن کاچماز، شەڤین جۆشکون و نوسرەدین ماچین بەشدارییان لە ئێشکگرییەکەدا کرد.

'تا گۆشەگیری بەردەوام بێت، شەڕ کۆتایی پێنایات'

ئیمام تاشچیەر قسەی کرد و بە بیری هێنایەوە کە ٢١ مانگە دیدار لە ئۆجالان قەدەغە کراوە و وتی، "ئەو دۆخە لە سەرووی گۆشەگیرییەوەیە. نە بنەماڵەکەی، نە گەلی کورد و نە پارێزەرانیشی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ژیانی ئەوەوە نییە. لە پەیوەندیە تەلەفونیەکەی بەر لە ٢١مانگەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێکمان لێی نییە. بە دەسەڵاتداری کۆماری تورکیا دەڵێین؛ بە گوێرەی ئەو یاسایانەی خۆتان داتانناوە، مامەڵە بکەن. ئەو یاسایانەی کە زۆرینەیان میراتی کودەتای فاشیستی ١٢ی ئەیلولن، ئێوە بە پێویستی نازانن کە نە بیانگۆڕن نە پێیانەوە پابەند بن. ئەمە کردەوەی تاکەکەسییە. واتە بەستراوەتەوە بە قسەی یەک کەسەوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ لە ئیمراڵی مێزی دانوستان لەگەڵ بەرێز ئۆجالان داندرا. ئەوەی مێزەکەی دانا کێ بوو؟ ئەم دەسەڵاتەبوو. تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٥. دواتر ئەم دەسەڵاتە مێزەکەی هەڵگێڕایەوە. ئەوەی ئەمڕۆش گۆشەگیری دەسەپێنێت ئەم دەسەڵاتەیە . مەبەستمان لەم دەسەڵاتە ناڕەوایی بەڕێوەبەردنی تاکە کەسییە. ئەوەی دەبینرێت ئەمەیە". تاشجیەر رایگەیاند، کە تا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت بێ یاسایی و نادادپەروەری بەردەوام دەبێت و وتی، "نمونەی ئەوە لە جیهاندا هەیە. نێلسۆن ماندێلا ٢٧ ساڵ لە زینداندا هێڵرایەوە، گۆشەگیری بەسەردا سەپێندرا. ٢٧ ساڵ لە زینداندا مایەوە. دواتر ماندێلا هاتە کوێ؟ بووە سەرۆکی ئەو وڵاتەی تیایدا زیدنانی بوو، ئەو وڵاتەکەی بەڕێوەبرد. بۆ یەکەم جار سەرۆکێکی رەش بووە بەڕێوەبەری ئەو وڵاتە. دواتریش خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی پێبەخشرا. بەسەدان خەڵات پێشکەش بە ماندێلا کران. ئەمڕۆ ئەگەر دەرفەت بە بەرێز ئۆجالان بدرێت ، بە بڕوای من شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتاییدێت، شەڕ لە گەڵ سوریادا ناکرێت. چیتر ناچنە ناو خاکی عێراقەوە کە ئێمە پێی دەڵێین باشوری کوردستان. لەگەڵ یۆنان ئاڵۆزی تا لێواری شەڕ نایاتە ئاراوە. لەبەر ئەوەی ئەو شەڕانە هەم لە رووی ئابووری و هەم لە رووی سیاسەوە تەنگ بە تورکیا هەڵدەچنن".

تاشچیەر ئەوەسی خستەڕوو کە دەبێت شەڕ دەستبەجێ رابگیرێت، دەمودەست پرسی کورد چارەسەر بکرێت و هەوڵەکانیش بۆ ئەوە بخرێنەگەڕ. تاشچیەر وتی، "قۆناغی ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ بە باشی لە بیرەوەری هەموواندا ماوە. لەسەدا ٧٠ی گەل لایەنگری چارەسەرکردنی پرسی کورد بوون. ئەو کاتە یاسا، مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی بە بەراورد لەگەڵ ئەم ساڵانەی دوایی باشتر جێبەجێ دەکران. لەو بڕوایەداین کە ئەگەر پرسی کورد چارەسەربکرێت، ئەو پارەیەی بۆ شەڕ تەرخان دەکرێت بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ تەرخان دەکرێت و یاسا جێبەجێ دەکرێت".

تاشچیەر سەرنجی راکێشا بۆ سەر قۆناغی پەیوەست بە گۆڕینی دەستوری هەمیشەیی و وتی، "کلیلی چارەسەر لە ئیمڕاڵییە، لەلای بەڕێز ئۆجالانە. ئەو کاتەی کە گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان هەڵبگیرێت، دیدار لەگەڵیدا دەستپێبکەنەوە و سەرلەنوێ مێزی دانوستان دابنرێتەوە، ئەوکاتەیە کە دیموکراسی لە تورکیا دەچەسپێت، کوردیش لەسەر خاکەکەیان بە شێوەیەکی ئازادانە دەژین".

هـ . ب