ئێشکگریی ئازادیی ئەم هەفتەیە لەلایەن ئەندامانی بزووتنەوەی گەنجانەوە بەڕێوەدەچێت

لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، کە دامەزراوە ئەوروپییەکان تێیدایە، چالاکیی ئێشکگریی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" لە هەفتەی ٥٤٩هەمیندایە و چالاکیی ئەم هەفتەیە لەلایەن چالاکوانانی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕەوە بەڕێوەدەبرێت.

ئێشکگریی ئازادی لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لەلایەن دەستپێشخەریی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکرد و ئێستا لە هەفتەی ٥٤٩هەمیندایە.

ئێشکگرانی ئەم هەفتەیە چالاکوانانی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕن و پێکهاتوون لە جەبار جگەرخوێن، حەقی تێکۆشەر، شینوار ئامەد و محەمەد ئاچگۆز.

جەبار جگەرخوێن بە ناوی گروپە ئێشکگرەکەوە باسی لە کۆمەڵکوژییەکەی ٢٣ی کانوونی یەکەم لە پاریس کرد و وتی: "بە دڵنیاییەوە ئێمە لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییە دەکەین. ئێمەی گەنج زۆر تووڕەین، بەڵام ئێمە لایەنگری توندوتیژی نین. ئێمە دەمانەوێت ئەو کۆمەڵکوژییە ڕوون بکرێتەوە و بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژییە دادگایی بکرێن".

جگەرخوێن لە بەردەوامیدا ئاماژەی بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: "نزیکەی دوو ساڵە نەمانتوانیوە هیچ زانیارییەک لە رێبەرەکەمان وەرگرین. پێش هەموو شتێک داوا لە سی پی تی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکەین،  کە بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری دەستبەجێ دەستبەکار ببن. ڕێبەرمان بۆ ئێمە خەتی سوورە و دەمانەوێت جارێکی تر ئەم ڕاستییە بەبیر هەموو لایەک بهێنینەوە".

ژ.ت