ئوجا: پێویستە ئاسمانی شەنگال لە فڕۆکە قەدەغە بکرێت

فەلەکناس ئوجا نوێنەری هەدەپە لە دەستەى گشتیی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەوروپا رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک شەنگال بۆردوومان دەکەن و راشیگەیاند: "پێویستە ئاسمانی شەنگال بە رووی فڕۆکەکاندا قەدەغە بکرێت".

ئوجا لە دانیشتنی دەستەى گشتیی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەوروپا دا تیشکی خستە سەر هێرشە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال و وتی: "لە بارودۆخێکدا، کە ئێزدیەکان یەکینەکانی بەرگری و ئەنجوومەنەکانی ژنان دادەمەزرێنن و لە شەنگال دەست بە  ژیانێکی نوێ دەکەن، دەوڵەتی تورک هێرشی ئاسمانییان دەکاتە سەر.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورک زۆرجار هەڕەشە لە یەکینەکانی بەرگری ئێزدی دەکەن و بۆردومانیان دەکەن، چەندین نەخۆشخانەیان بۆردوومان کردووە و چەندین هاوڵاتیی مەدەنیشیان کوشتوە. ئێزدیەکان هەڕەشەیان لە تورکیا نەکردووە، ئێزدیەکان هەرگیز هێرشیان نەکردووەتە سەر تورکیا. ئێوە چیتان لە ئێزدیەکان دەوێت؟

ئەوانەی لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان ڕزگاریان بووە مافی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆیانە، کە ژیانی خۆیان لە وڵاتی خۆیاندا بونیات بنێن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەلانیکەمەوە دەتوانێت لە هێرشە ئاسمانییەکان بیانپارێزێت، بۆیە داوا دەکەم ئاسمانی شەنگال بە رووی فڕۆکەکاندا قەدەغە بکرێت".

هەروەها ئوجا لەبارەی ڕۆژئاوا و هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر زیندانی حەسەکە وتی، "چەتەکانی داعش چەکی ناتۆیان لە دەستدایە. من دەمەوێت لێرە بپرسم، چەکی ناتۆ لە ڕۆژئاوا ئیشی چییە و چۆن بەدەستی داعش گەیشتووە. تێکۆشان لە دژی ئەم کێشەیە ئەرکی هەموومانە. دوێنێ شەنگال بوو، ئەمڕۆ کۆبانێ، هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکرێت".

ژ.ت