ئوزگونەش: ئەگەر گۆشەگیری هەڵبگیرێت، وڵات لەم دۆزەخە رزگاری دەبێت

حەسەن ئوزگونەش پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، ئەگەر دەرگاکانی ئیمڕالی بکرێنەوە، تورکیا لەم ژیانە دۆزەخە، شەڕی قێزەون و لەم رژێمە زاڵمە رزگاری دەبێت.

چالاکی ئیشکگری پەرلەمانتارانی هەدەپە لەدژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و رێگریکردن لە چاوپێکەوتنەکان، ١٢ رۆژە بەردەوامە. پەرلەمانتارانی هەدەپە داوا دەکەن، گۆشەگیری هەڵبگیرێت و بو زوترین کات چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان و زیندانیانی دیکە ئەنجام بدرێت.

موراد ساریساچ، ئیمام تاشچیئەر، ئایشە سوروجو، کەمال بولبول، ئەردال ئایدەمیر، فاتیمە کورتولان، حسێن کاچماز، حەسەن ئوزگونەش، مەحمود توغرول و جەلادەت گایدالی پەرلەمانتارانی هەدەپە. ١٢ رۆژە چالاکی لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی داد ئەنجام دەدەن.

حەسەن ئوزگونەش پەرلەمانتاری هەدەپەی شڕنەخ لەسەر ناوی پەرلەمانتاران قسەی کرد و رایگەیاند، ٢٣ ساڵە لە ئیمڕالی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵلا ئۆجالان هەیە و وتی، " ئەم گۆشەگیریە بەگوێرەی پێوانە ئایینی، پێوانە ئەخلاقیەکان، یاساکانی تورکیا و یاسا گەردونیەکان نییە. گۆشەگیری بە تەنیا لەسەر بەڕێز ئوجالان نییە. گۆشەگیری بە شێوەیەکی رەها لەسەر هەموو زیندانیانە. لە دوو ساڵی دواییدا ١٤٢ زیندانی لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە. بە سەدان زیندانی نەخۆش لە زیندانەکاندا بەرخۆدان دەکەن و رووبەرووی مردن کراونەتەوە. لە زیندانەکان ئەشکەنجە و زوڵمی سەردەمی کودەتای ١٢ی ئەیلول هەیە."

پێویستە دەرگاکانی ئیمڕالی بکرێنەوە

ئوزگونەش راشیگەیاند کە ئەگەر دەرگاکانی ئیمڕالی بکرێنەوە، تورکیا لەم ژیانە دۆزەخە دەربازی دەبێت و لەم رژێمە زاڵمە رزگاری دەبێت و وتی، " تورکیا دەتوانێت بگاتە سیستمێکی ئازادیخواز، دیموکرات و یاسایی. جارێکی دیکە بانگەوازی لە وەزارەتی داد دەکەین و دەڵێین، پێویستە گۆشەگیری هەڵبگیرێت. پێویستە پارێزەران و خانەوادەکان بەرێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکە ببینن. هیوامان هەیە و تاوەکو کۆتایی بەردەوامی بە تێکۆشانمان دەدەین."

ف.ق