ژنانی باکوری کوردستان سەردانی ژنانی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد

شاندی پلاتفۆڕمی ژنانی باکور و بزوتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی زیاتر لێکزیکبوونەوەی ژنانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانیان لە هەرچواپارچەی کوردستان کۆبونەوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی پلاتفۆڕمی (هاوپەیمانی) ژنانی باکوری کوردستان بە سەرۆکایەتی نوران ئیمیر، گەیشتنە  شاری سلێمانی و سەردانی ژنانی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد و لە لایەن نەسرین جەمال، سەرۆکی شاندی ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان و گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەریمی کوردستان، پێشوازیان لیکرا.

دوای زیاتر لە کاتژمێرێک لە کۆبونەوە، نوران ئیمیر، سەرۆکی شاندی پلاتفۆڕمی ژنانی باکوری کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند: بە ئامانجی دروستکردنی پلاتفۆڕمێکی گشتی ژنانی هەرچوارپارچەی کوردستان سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانمان کرد.

 باسی لە سەرهەڵدانەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بوەتە بناغەی تێکۆشانێکی نوێ بۆ خەباتی ژنان، رایگەیاند: دەبێت ئەو خەباتە وەکو نموونەی تێکۆشانێکی نوێ بۆ ژنان بگرنە دەست.

هاوکات نەسرین جەمال، سەرۆکی شاندی ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان ویڕای خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە، جەختی لە گرنگی پەیوەندی ژنانی چوارپارچەی کوردستان کردەوە و سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند وەکو ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن سەبارەت بە داخوازی ژنانی باکووری کوردستان بۆ پێکهێنانی چەتر و پلاتفۆڕمێکی گشتی ژنانی هەرچوارپارچەی کوردستان.

 بڕیارە شاندی ژنانی باکوری کوردستان، سەردانی ژنانی تەڤگەری ئازادی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕژاک بکەن، لە سبەینێشدا سەردانی شەش لایەنی دیکەی ژنانی پارت و ڕێکخراوەکان لە سلێمانی دەکەن.