چالاکیی مانگرتنی بێسنووری زیندانیانی پەکەکە و پاژک بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ لە ٨هەمین رۆژی مانگرتنەکەیاندان. زیندانیانی ژن، کە پێشەنگی ئەو چالاکییی مانگرتنە بێسنوورە دەکەن، لە رێگەى تەلەفونەوە پەیامێکیان بڵاوکردەوە.
پەیامەکە بە ناوی سەڤدا یەشیل کایا، خەزینە ئاڵچی، دیلان توران و ئەیلەم ئۆزەر بڵاوکراوەتەوە، ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە پیرۆز کراوە و داوا لە گەلی کورد و دۆستانی کراوە، کە بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری بەرخودان گەش بکەن.
زیندانیانی ژنی مانگرتوو راشیانگەیاندووە، ئەوان بە رۆح و ورەی چیاگەر یەکێک لە فەرماندەکانی بەرخودانی سوور ئەو بەرخودانەیان دەستپێکردووە و داواشیانکرد، گۆشەگیریی قورس، کە ساڵەهای ساڵە لە دژی رێبەری گەلی کورد درێژەى پێدەدرێت، بە خێرایی کۆتایی پێ بهێنرێت.
زیندانییە مانگرتووەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ساڵی ٢٠١٨ بۆ ئەو ئامانجە دەستیان بە مانگرتن کرد و چالاکییەکەیان ئەنجامی لێکەوتەوە و وتیشیان، "ئێمە ئامادەین لە پێناو رێبەر ئاپۆدا هەموو شتێک بکەین، ورە و موراڵمان زۆر بەرز و گەشە".
زیندانیانی ژنی مانگرتوو ئەوەشیان راگەیاندووە، ژنانی زیندانی پڕ لە حەماسەت و خرۆشانن بۆ چالاکیی مانگرتنەکەیان و داوایان لە گەلی کورد و دۆستانی کرد، "دەبێت هەموو کەس لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی راپەڕێت، چونکە رێبەر ئاپۆ تەنها رێبەری گەلی کورد نییە، رێبەری هەموو گەلانە، ئەو بانگەوازەمان بە تایبەتی رووی لە گەنجان و ژنانە".
ژ.ت