زیلان له‌ یه‌ریڤان یادیكرایه‌وه‌

زیلان (زه‌ینه‌ب كناجی) له‌ ٢٦هه‌مین ساڵیادی گیانبازییه‌كه‌یدا له‌ یه‌ریڤانی پایته‌ختی ئه‌رمه‌نستان یادیكرایه‌وه‌.

زیلان (زه‌ینه‌ب كناجی) له‌ ٢٦ هه‌مین ساڵیادی گیانبازییه‌كه‌یدا له‌ یه‌ریڤانی پایته‌ختی ئه‌رمه‌نستان یادی كرایه‌وه‌. یادكردنه‌وه‌كه‌ له‌ ماڵی گه‌ل له‌لایه‌ن یه‌كێتی ژنی ئازاده‌وه‌ رێكخرا. له‌ هۆڵی یادكردنه‌وه‌كه‌دا وێنه‌كانی زیلان، شه‌هیدان و رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان دانرابوون. یادكردنه‌وه‌كه‌ به‌ رێزگرتن له‌ یادی گیانبه‌ختكردووانی تێكۆشانی ئازادی ده‌ستیپێكرد.

له‌ یادكردنه‌وه‌كه‌دا له‌سه‌ر ناوی دامه‌زراوه‌كانی ژنان سه‌یرانا جه‌لاد و ژانیا قادر قسه‌یان كرد. له‌ قسه‌كانیاندا ئه‌م بابه‌تانه‌یان باس كرد، " له‌ كه‌سایه‌تی شه‌هید زیلاندا هه‌موو شه‌هیدانی مانگی حوزه‌یران به‌ بیردێنینه‌وه‌. ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌ سه‌ر رێبازی شه‌هیدان ده‌بین. هاوڕێ زیلان به‌ چالاكیه‌كه‌ی خۆی وه‌ڵامێكی گه‌وره‌ی به‌ دوژمن دایه‌وه‌ و چاوی ئێمه‌ی ژنانیشی كرده‌وه‌. ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر رێگه‌ی هاوڕێ زیلان به‌ سه‌دان ژنی كورد له‌ ناو تێكۆشانی ئازادیدا تێكۆشان. ئه‌و تێكۆشانه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بووه‌ته‌ نمونه‌یی".

ژنان له‌ وته‌كانیادا باسیان له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵ و رێبازی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و شه‌هیدان ده‌بن و تێكۆشان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌.

یادكردنه‌وه‌كه‌ به‌ دروشمه‌كانی "شه‌هید نامرن"، "بژی سه‌رۆك ئاپۆ" و "ژن ژیان ئازادی" كۆتاییهات.

هـ . ب