زیندانیانی ژنیش دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد

بۆ شکاندنی گۆشەگریی ئیمرالی و کۆتاییهێنان بە پێشەلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی تورکیا، نورهایات ئالتون هاوسەرۆکی شارەوانی پێشووی دەرسیم لە بەندیخانەی کاندرا و سەڤگی ئیل بوغا و دیلان بارین لە بەندیخانەی ئولتو دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد.

چالاکی مانگرتن لە خواردن کە بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و کۆتاییهێنان بە فشار و پێشەلکاریەکانی ناو بەندیخانەکانی تورکیا، لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە دەستی پێکردووە، لە ١٧هەمین رۆژدا بەردەوامە.

لەم چوارچێوەیەدا زیندانیانی ژنیش دەستیان بەو چالاکیە کرد. نورهایات ئالتون هاوسەرۆکی شارەوانی پێشووی دەرسیم کە لە بەندیخانەی پیتی (F)ی ژمارە یەکی کاندرای شاری کۆجا عەلی زیندانیە، بە رێگای تەلەفۆن لەگەڵ خانەوادەکەی قسەی کرد و پێی راگەیاندووە کە ئەویش دەستی بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە.

لە لایەکی ترەوە هەر یەک لە زیندانیانی ژن سەڤگی ئیلبوغا و دیلان بارین کە لە بەندیخانەی ئولتوی شاری ئەرزروم زیندانی کراون، بەشداریان لەو چالاکیەدا کرد.

ئەو دوو زیندانیە لە پەیامێکدا رایانگەیاند، "چالاکیەکەمان بێکۆتاییە و تا ئەو رۆژەی ئەنجامێک بەدەست دێت، بەردوام دەبێت. ئێمە هیچ کات گۆشەگیری و فشارمان قبوڵ نەکردووە، لەمەولاش قبوڵی ناکەین. ئێمە لە خۆڕاگریدا دەبین و بانگەوازیشمان بۆ گەلەکەمان ئەوەیە کە لە خۆڕاگریدا بن."

ز.ش