ئومێد کارتاڵ: دەوڵەت تۆڵەی لە برا نەخۆشەکەم لە زینداندا کردەوە

یەکێک لە زیندانییە نەخۆشەکان وەفا کارتاڵە، کە بەهۆی رفتارەکانى دەوڵەتى تورکەوە گیانی لەدەستدا. ئومێد کارتاڵ برای وەفا کارتاڵ رایگەیاند، دەوڵەتی تۆڵەى بەرخودانى ٩٦ رۆژەی رۆژووی مردنی لە کاکەم کردەوە.

ئومێد کارتاڵ رایگەیاند، وەفا کارتاڵی برای ساڵی ٢٠١٨ لە دژی پێشێلکردنی مافەکانى مرۆڤ بۆ ماوەى ٩٦ چالاکیی رۆژووی مردن و مانگرتنی ئەنجامدا. دوای ٤ مانگ هەلومەرجی ژیان و تەندروستیی لە زیندانی جۆری ئێفی ئەدیرنە قورستر و سەختترکرا. کارتاڵ راشیگەیاند،  لە مانگی ئادارەوە نەیتوانیوە چاوی بە براکەى بکەوێت و وتی "دەوڵەت تۆڵەى چالاکیی ٩٦ رۆژەی رۆژوووی مردنی لە کاکەم کردووەتەوە".

ئومێد کارتاڵ ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٠ و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا هەواڵی ئەوەى پیگەیشت، کە وەفای برای لە زینداندا گیانى لە دەستداوە. ئومێد کارتاڵ لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، هێشتا نازانێت برا تەمەن ٤٢ ساڵەکەى لەبەرچی گیانی لەدەستداوە و چاوەڕیی ئەنجامی راپۆرتی توێکاریی پزیشکین. راشیگەیاند، وەفای باری ماوەى ٢٤ ساڵ بوو لە زینداندا بوو و نەخۆشیی قورحە، هیپاتیتی بی و کێشەى رێخۆڵەی هەبوو، بەڵام سەرباری ئەوەش وەک پێویست چارەسەر نەدەکرا.

ئومێد کارتاڵ وتی، وەفا کارتاڵی برای بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانى مرۆڤەوە لە ساڵی ٢٠١٨دا لە زیندانی جۆری ئێفی تەکیرداغ بۆ ماوەى ٩٦ رۆژ چالاکیی رۆژووی مردن و مانگرتنی ئەنجامدا، بەڵام دواى چالاکییەکەى گواستیانەوە بۆ زیندانی ئەدیرنە و خستیانە هەلومەرجێکى زۆر سەخت و دژوارترەوە.

کارتاڵ باسی ئەوەشیکرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆناوە لە مانگی ئادارەوە نەیتوانیوە سەردانی کاکەى بکات و وتی "دەوڵەت تۆڵەى چالاکیی ٩٦ رۆژەی رۆژووی مردن و مانگرتنی لە کاکەم کردەوە. کێشە تەندروستییەکانى کاکەم لەمدواییانەدا زیادیان کردبوو، بەڵام ئێمە نەماندەتوانی زانیاریی بەرفراوان لەسەر دۆخی تەندروستیی وەربگرین".

کارتاڵ رایگەیاند، گیان لە دەستدانی کاکەى لە زینداندا پەیوەندیی بە ڤایرۆسەوە نییە، کێشەى تەندروستیی کاکەم کۆنتر بوو و هیچ کات وەک پێویست چارەسەریان بۆ نەکرد و دەبوایە لە کاتی بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنادا ئازادیان بکردایە، بەڵام لە زۆریک لە مافەکانى بێبەش کرابوو، سەرباری ئەوانەش لە کاتی رۆیشتن بۆ وەرگرتنی تەرمی کاکەم، لەوە تێدەگەین هۆکاری گیان لە دەستدانی براکەم بۆ چی دەگەڕێتەوە، بەڵام سەرباری هەمووهۆکارەکان دەوڵەت بەرپرسە و دەوڵەت فرسەتی هێنا و هەلەکەى قۆستوەتەوە و تۆڵەى لە براکەم کردووەتەوە!.

ژ.ت