بنەماڵەى کارتاڵ: ٢٣ جار داوای ئازادیی وەفا کارتاڵ-مان لە وەزارەتی داد کردبوو

زیندانیی نەخۆش وەفا کارتاڵ لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٠ لە زیندانی جۆری ئێفی ئەدیرنە گیانى لەدەستدا. بنەماڵەکەیان رایانگەیاند، بەهۆی بڵابوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە ٢٣ جار سەردانی وەزارەتی دادیان کردووە و داواى ئازادیی وەفا کارتاڵیان کردووە.

دۆخ و ژیان و چارەنووسی زیندانییە نەخۆشەکان بۆ دەوڵەت هیچ بەهایەکى نییە. لەبەر ئەوەش رۆژانە لە زیندانەکاندا زیندانییە نەخۆشەکان گیانیان لەدەست دەدەن. دواى گیان لەدەستدانی سەبری کایا زیندانیی نەخۆش، ئەمجارە لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٠دا وەفا کایا زیندانیی نەخۆش لە زینداندا گیانی لەدەستدا. پەستانی خوێن، شەکرە، هیپاتیتی بی و قورحە و نەخۆشیی ریخۆڵەی هەبوو و ناویشی لە لیستی ئەو زیندانیانەدا بوو کە نەخۆشیی قورسیان هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش هیچ کارێک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی، یان ئازادکردنی لە زیندان نەکرا و لە ئەنجامدا بە نەخۆشی لە زینداندا گیانى لە دەستدا. بنەماڵەى کارتاڵ ناڕەزایەتییەکى گەورە و توندیان لە دژی ئەو رەفتارەی دەوڵەتى تورک نیشاندا و لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.

بنەماڵەى کارتاڵ بۆ وەرگرتنەوەى تەرمەکەى وەفا کارتاڵ و بردنەوەى بۆ مانیسا چوونە نەخۆشخانەى زانکۆی تراکیا و تەرمەکەیان وەرگرتەوە. بنەماڵەکەى رایانگەیاند، وەفا کارتاڵ ماوەى ٢٤ ساڵ بوو بە چەندین نەخۆشییەوە گیرۆدە بوو و بە راگرتنی لە زینداندا خرابووە  ژێر چەپۆکەى مەرگەوە.

بنەماڵەکەى رایانگەیاند، لە ماوەى بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنادا ٢٣ جار سەردانی وەزارەتی دادیان کردووە و داوای ئازادکردنی وەفا کارتاڵیان کردووە، بەڵام لەو وەزارەتەدا هیچ کەسێک بەرپرسیارانە لێیان نزیک نەبووەتەوە.

بنەماڵەى کارتاڵ باسی ئەوەشیانکرد، وەفا کارتاڵ لە ساڵی ٢٠١٨دا و بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانى مرۆڤ و مافی چارەسەرکردنی پزیشکییەوە لە زیندانی جۆری ئێفی تەکیرداغ بۆ ماوەى ٩٦ رۆژ دەستی بە چالاکیی رۆژووی مردن و مانگرتن کردبوو و دواى ئەوەى گواستیانەوە بۆ زیندانی جۆری ئێف لە ئەدیرنە، خستیانە دۆخ و هەلومەرجێکى زۆر قورسترەوە و ژیانیان زۆر لێ قورستر کرد.

بنەماڵەى وەفا کارتاڵ ئەوەشیان وت، لە مانگی ئادارەوە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە نەیانتوانیوە چاویان بە وەفا کارتاڵ بکەوێت. دەوڵەتى تورک بە بەرچاوی هەموانەوە وەفا کارتاڵی خستبووە ناو چەپۆکەى مەرگەوە و لەو دۆخەدا رایگرتبوو. هۆکارەکەشی ئەوە بوو، کە تۆڵە لە وەفا کارتاڵ بکەنەوە، بۆیە لەو دۆخە دژوار و دژە مرۆییەدا رایانگرتبوو.

بنەماڵەکەى ئەوەشیان راگەیاند، تەرمی وەفا کارتاڵ دەبنەوە بۆ مانیسا و لە تەنیشت گۆڕی رەفیقە کارتاڵی دایکیدا بە خاکی دەسپێرین.

ژ.ت