تەڤگەری ئازادی: کازمی دەتوانێت بە دانانی کەسانى لێهاتوو و خاوەن ئیرادە رێگری لە دەستێوەردانی دەرەکی بکات

دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان راگەیاندراوێکى لەبارەی کێشەکانى عێراق و پێکهێنانی کابینەى نوێی حکومەت و پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و سیادەى عێراق بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە خراوەتە روو، زۆربەى لایەنەکان لەسەر مستەفا کازمی کۆکن بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ. تەڤگەری ئازادی داوایکردووە، وەزیرەکان لەسەر بنەمای لێهاتوویی دابنرێن و عێراق لە ژێر کاریگەریی دەستێوەردانى دەرەکى رزگار بکرێت.

تەڤگەری ئازادی داوایشکردووە، رێککەوتنى نێوان بەغدا و هەرێم جێبەجێ بکرێت و هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پابەند بێت بە رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتە، کە لە رێککەوتننامەکەدا هاتووە.

دەقی بۆچونی تەڤگەری ئازادی دەربارەی بارودۆخی عێراق

وەک دەزانرێت ماوەیەکە بارودۆخی عێراق تا دەچێت هەستیار دەبێت، ئەمەش لە ڕێگەی جموجۆڵی پاشماوەی گروپە تیرۆریستییەکان لە کەرکوک و دیالە و بەشێک لە پارێزگاکانی تری عێراق کە مەترسی و دڵە ڕاوکێی لای خەڵکی ناوچەکە دروستکردوە .

جگە لەوەش دەستێوەردان و ململانێی وڵاتە هەرێمی و زلهێزەکان بڕستی لەبەر خەڵکی عێراق بڕیوە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانی تێکداوە، لە ئێستادا (مصطفی كاضمی) ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، وەک (تەڤگەری ئازادی) پێمانوایە کۆدەنگی یەک لە ناو هێزە سیاسییەکاندا بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەسەر بەڕێزیان هەبێت و ئەمەش وا دەکات گیرو گرفتی بەردەم پێکهێنانی حکومەت زۆر نەبن و ئێمەش هیوادارین هەرچی زووە حکومەت پێکبێت و وەزیرەکان لەسەر بنەمای لێهاتویی دابنرێن نەک لەسەر بنەمای پشک پشکێنەی لایەنەکان، چونکە عێراق لە بارودۆخێکی ئەوەندە خراپدایە بە کەسانێکی لێهاتو و بە ئیرادە ئەتوانرێ قەیران و گێژاوەکان تێپەڕێنرێت و هێزە سیاسییەکانی عێراق نابێت بە ئاڕاستەی دەرەکی فریو بدرێن و نابێت دەستدرێژی بۆسەر عێراق و هەرێم قبوڵ بکرێت.

وەک (تەڤگەری ئازادی) بە گرنگی دەبینین لەم سەر و بەندەدا هەرچی زووە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە جێبەجێ بکرێت:

۱/لەژێر چەتری حکومەتێکی نیشتمانی گشت هێزە عێراقییەکان کۆ بکرێنەوە و عێراق دوور بخرێتەوە لە دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی

۲/ هەرچی زووە داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بکرێت و پلانێکی تۆکمەی ئابوری و بوژانەوەی کەرتەکان دابنرێت، تاکو خەڵکی عێراق و هەرێم لەو بارو دۆخە خراپە ڕزگاری ببێت.

۳/ ڕێکەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی بێت و پێشنیار دەکەین هەرێم ئەو بڕە نەوتە بنێرێت کە لەسەری ڕێککەوتون لەگەڵ ناوەند دا.

٤/سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بکرێت و لە ئێستادا گفت وەربگیردرێ لە ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کە دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی و مەزهەبی دەست بکەن بە چارەسەری کێشەکان.

ژ.ت