بە پێی ئاماری زانکۆی جۆنس هۆپکینس لە جیهان ٢ میلیۆن و ٥٧٨ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هاوکات ١٨٠ هەزار کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترین رێژەی قوربانیان لە سەر ئاستی جیهان، لە ئەمریکا، ئیتاڵیا و فەرەنسا تۆمار کراون.
تورکیا
دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە رایدەگەیێنێت لەو وڵاتە تا ئێستا ٩٥ هەزار و ٥٩١ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ژمارەی ئەو کەسانەش کە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢ هەزار و ٢٥٩ کەس. بەڵام جیهان ئەوە دەزانێت کە تورکیا ئامارە راستەقینەکان دەشارێتەوە و ژمارە راستیەکان بڵاو ناکاتەوە.
دەستبەسەرداگرتنی هاوکاریەکانی هەدەپە
هاوکاری و هەوڵەکانی هەدەپە و ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناو کۆمەڵگا بەردەوامن، هاوکات ئاکەپە و مەهەپە رێگریان بۆ دروست دەکەن.
بە بیانۆی ئەوەی هاوکاریان بڵاو کردووەتەوە ٢ ئەندامی هەدەپە دەستگیر کرابوون و دواتر ئازاد کران. هێزەکانی پۆلیس دەستیان بەسەر ٥٠ کارتۆن هاوکاریدا گرتب و رایگەیاند، جگە لە رێکخراوی پشتیوانی کۆمەڵایەتی وەفا، نابێت هیچ کەس و لایەنێک هاوکاری دابەش بکات.
کۆنسەی ناوەندیی یەکێتی پزیشکانی تورکیاش رایگەیاند لە ١ی نیسانەوە تا ئێستا ١٤ پزیشک و ٢٤ کارمەندی تەندروستی بە هۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و ٣٤٧٤ کەسیش لەو بەروارەوە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
کۆرۆنا لەناو بەندیخانەکاندا بڵاو بووەتەوە!
دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە لە بەندیخانەی بوجای، پشکنینی زیندانیەک پۆزێتیڤ دەرچووە، پشکنین بۆ زیندانیانی دیکەش کرا و ژمارەی تووشبووان لەو بەندیخانەی بۆ ٦٤ کەس بەرز بووەوە.
ئاماری توشبووان لە جیهاندا
لە ئەمریکا ٨٢٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٤٥ هەزار ٣٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە ئیتاڵیا ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ١٨٣ هەزار کەس و ٢٤ هەزار و ٦٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ١٠٧ هەزار کەسیش لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ دەکریت.
لە ئیسپانیاش ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ٢١٠ هەزار کەس و ٢١ هەزار و ٧٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هاوکات ١٠٠ هەزار کەسیش لە نەخۆشخانەکان کەرەنتینە کراون و لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدان. سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاندووە، لە ناوەڕاستی مانگی گوڵاندا قەدەغەی هاتوچۆ قۆناغ بە قۆناغ ئاسایی دەبێتەوە.
لە فەرەنساش ١٥٨ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسیەکە بوون و ٢١ هەزار کەسی گیانیان لەدەستداوە.
لە بەریتانیاش ژمارەی تووشبووان گەیشتوەتە ١٣٠ هەزار کەس و ١٧ هەزار و ٣٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە ئەلمانیاش ١٤٨ هەزار و ٧٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٥ هەزار و ١٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە ئێرانیش باس لەوە دەکرێت کە ئامارە راستەقینەکان لە لایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە دەشاردرێنەوە. بە پێی لێدوانی بەرپرسانی رژێمی ئێران بێت، ٨٥ هەزار و ٩٩٦ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٥ هەزار ٣٩١ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ز.ش