حیزبی (SSW) داوایکرد قەدەغەکارییەکانی سەر پەکەکە لاببرێن

ئەنجوومەنى دەنگدەرانی باشووری شلسویگ (SSW)، کە نوێنەرایەتى دانیمارکییەکان و پێکهاتەی فریز لە باکووری ئەڵمانیا دەکات، سەردانى پەرلەمانى ویلایەتى شلسویگ – هۆستینی کرد و داوایکرد قەدەغەکاریەکانى سەر پەکەکە لاببرێن.

ئەنجوومەنی دەنگدەرانى باشووری شلسویگ (SSW)، کە حیزێکى سیاسیی باکووری ئەڵمانیایە و نوێنەرایەتى دانیمارکییەکان و فریزەکانى ئەو ناوچەیە لەگەڵ سنووری دانیمارک دەکات لەلایەن فیلیمینگ مایەرەوە سەرۆکایەتى دەکرێت. ئەو حیزبە بۆ مافی دانیمارکییەکان و فریزەکان تێدەکۆشێت. حیزبی (SSW) داوایکرد قەدەغەکاریى دەوڵەتى ئەڵمانیا، کە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە خراوەتە سەر پەکەکە لاببرێن و پەکەکە لە لیستی 'رێکخستنە تیرۆیستییەکان'ی یەکێتیى ئەوروپادا بهێنرێتە دەرەوە.

حیزبی (SSW) بۆ ئەو ٢ داوایەى خۆی سەردانى پەرلەمانى ویلایەتى شلسویگ – هۆستینی کرد و داواشیکرد، پەرلەمانى ویلایەتى شلسویگ – هۆستین تاوەکو کۆتایى مانگی شوبات لەسەر ئەو بابەتە کۆ ببێتەوە.

حیزبی (SSW) وەک هێزێکى سیاسی بۆ پێکهاتەکان لە ناوچەکە، حیزێکى ناسراوە لە ئەڵمانیا و لە داواکەیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیى ویلایەتى شلسویگ – هۆستن ئەوەى خستووەتەڕوو، بۆ هەڵوەشاندنەوەى قەدەغەکارییەکانی سەر پەکەکە گوشار بخەنە سەر حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا. داوایەکى تری حیزبی (SSW) ئەوەیە، کە گەمارۆی چەک بەسەر تورکیادا بسەپێنرێت و چەک بە دەوڵەتى تورک نەفرۆشرێت.

'قەدەغەکردنى پەکەکە چۆکدادانە بۆ تورکیا'

فیلیمینگ مایەر سەرۆکی گشتیى (SSW) لەبارەى داواکەیان و سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانى ویلایەتى شلسویگ – هۆستین رایگەیاند، قەدەغەکردنى پەکەکە لەمپەرە لە بەردەم ئاوێتەبوونی کوردان لەگەڵ ئەڵمانیا. بۆیە دەبێت بەڕێوەبەرایەتیى ویلایەتى شلسویگ – هۆستین بۆ لابردنى ئەو قەدەغەکارییە دەستبەکار ببێت.

فیلیمینگ مایەر سەرۆکی گشتیى (SSW) روو لە پەرلەمانتارانى ویلاتى شلسویگ – هۆستین راشیگەیاند "قەدەغەکردنى پەکەکە چۆکدادانە بۆ تورکیا".

مایەر وتی، کوردان لە ئەڵمانیا وەک "تیرۆریست" تاوانبار دەکرێن و جیاکارییان لەگەڵ دەکرێت. وتیشی "لە سەردانمدا بۆ ناوچە کوردییەکان، بێزاریى کوردانم بینی لەبارەى فرۆشتن و بازرگانیى چەکی ئەڵمانیا بۆ تورکیا. ئێمەش باش شارەزای مێژووی ئەڵمانیاین، بۆیە تەنها سەیرکردنى ئەو دۆخە بە هیچ شێوەیەک باش نییە، سەردەمی ئەوەیە چەکەکان رابگیرێن".

ژ.ت