داوا دەکرێت لە بەرامبەر گرتنەوەى ئاوی دیجلەدا گوشاری ئابوری بخرێتە سەر تورکیا

ئەندام پەرلەمانێکی عێڕاق داوا لە حکومەتی بەغدا دەکات فشار بخاتە سەر تورکیا لە پێناو بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاو، ئەمەش لە کاتێکدایە تورکیا پرۆژەی بەنداوی ئەنقەرەی دەستپێکرد لەسەر ئاوی دیجلە.


تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردودا پڕ ئاوکردنی بەنداوی (ئیلی سو)ی لەسەر رووباری دیجلە دەستپێکرد. ئەو کارەش وا دەکات گەیشتنی ئاوی دیجلە بۆ عێڕاق کەم بکات.

ئەندام پەرلەمانی عێڕاق مەنسور ئەلبعێجی هاوکات ئەندامی دەستەی کشتوکاڵ و ئاوی سروشتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە حکومەتی بەغداد فشاری ئابوری بەکاربهێنێت لەبەرامبەر ئەو دەوڵەتانەی ئاو لەسەر ئێمە دەگرنەوە ئەو پەرلەمانتارە ئەم هەڵوێستانەی بە (جەنگی ئاو) پێناسە کرد.

هەروەها داوای لەسەرۆک وەزیران مستەفا کازمی کرد هەمو فشارێک لەبەرامبەر تورکیا بەکار بهێنێت لە نێوانیاندا فشاری ئابوری لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆرە تورکیا بەرامبەر بە عێڕاق (جەنگی ئاو) بەڕێوەدەبات.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بازرگانییەکی بەهێز هەیە لە نێوان بەغداد و ئەنقەرەدا هەیە. لە ساڵی ٢٠١٩عێراق خۆراک و خواردەمەنی بە بڕی ١٦ ملیار دۆلار لە تورکیا وەرگرتوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی ئەندام پەرلەمانی عێڕاق ئەلبعێجی دا هاتووە: پێویستە ڕێژەی گەیشتنی ئاو بە عێڕاق زیاد بکات، لەبەر ئەوەی جەنگی ئاو هیچی کەمتر نییە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش. جەنگی ئاو کشتوکاڵمان لەناو دەبات بە تایبەت لە کاتێکدا نرخی نەوت بە هۆی هەبونی کۆرۆناوە دابەزیوە.

ژ.ت