پارێزەران کە لە زینداندان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگاییبکرێن لە ٥ی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە.
پارێزەران ئایتاچ ئویساڵ و ئەبرو تیمتیک دوای ٥ی نیسان 'ڕۆژی پارێزەران' دەستیان بە ڕۆژووی مردن کرد.
خانەوادەکان لەبارەی دۆخی پارێزەران ئایتاچ ئویساڵ و ئەبرو تیمتیک ڕاگەیەنراویان بڵاوکردەوە. خانەوادەکان داوایان لە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و ڕای گشتی کرد خاوەنداری لە پارێزەرەکان بکەن.
خانەوادەکان ڕایانگەیاند، پێکەوە پارێزگاری لە ڕۆڵەکانمان بکەین و ڕزگاریان بکەین و ئاماژەیان بەوەدا، بێ ئەوەی وتەیان وەربگیرێت، سزای ١٨ ساڵ و ٩ مانگ زیندانیان بەسەر بەرکین تیمتیک و سزای ١٣ ساڵ و ٦ مانگیان بەسەر ئەبرو تیمتیکی خۆشکی و سزای ١٠ ساڵ زیندانیشیان بەسەر ئایتاچ ئونسالدا سەپاندووە. بە گشتی ١٥٩ ساڵ سزا بەسەر پارێزەراندا سەپێنراوە.
خانەوادەکان باسی ئەوەیان کرد کە پارێزەران بە خێرایی لاواز دەبن و لەبارەی دۆخی ئەبرو تیمتیک ئاماژە بەوەکرا،"دۆخی تەندروستی تیمتیک تێکچووە. لە دوایین چاوپێکەوتنیدا نەیتوانیوە بە باشی دان بە وشەکاندا بنێت. بە تایبەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی سیلیڤری بڵاوبووەتەوە. هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر. با پێکەوە دەنگمان بەرز بکەینەوە و خاوەنداری لە مافەکانیان بکەین. دەتانین ڕۆڵەکانمان ڕزگار بکەین."
ف.ق