دووەەم رۆژی رێپێوانە درێژمەوداکەى گەنجانی کورد لە ئەوروپا کۆتایى پێهات

گەنجان لە دووەم رۆژی رێپێوانە درێژمەوداکەیاندا دواى ١٧ کیلۆمەتر رێپێوان ئێوارەى دوێنێ لە کاتژمێر ١٦دا گەیشتنە لویسینپلاتز لە دارمشتاد.

رێپێوانە درێژمەوداکە بە دروشمی "رێگا بە گۆشەگیری مەدە، لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا ئازاد ببە" لەلایەن بزووتنەوەى گەنجانی کورد لە ئەوروپاوە رێکخراوە و ١٢٠ گەنج لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و سویسراوە بەشداری چالاکییەکە بوون و دوێنێ دووەم رۆژی چالاکییەکەیان بوو.

پۆلیسی ئەڵمانیا لە یەکەم رۆژی رێپێوانەکەدا هەوڵیدا بوو کاری تێکدەرانە لە دژی رێپێوانەکە و گەنجان ئەنجام بدات و ئەو ئاڵایانەى کە بەهای گەلی کورد بوون قەدەغەیان کرد و گوشاریان دروستکرد بۆ ئەوەى گەنجان دروشم نەڵێنەوە.

لە رۆژی دووەمی رێپێوانەکەشدا هەڵوێستی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەى پۆلیس بەردەوام بوو. پۆلیس هەوڵیاندا دیمەنی خۆپیشاندانەکە تۆمار بکەن و گەنجانیش بە وتنەوەى دروشم وەڵامی ئەو هەوڵەى پۆلیسیان دایەوە.

گەنجان کاتێک گەیشتنە لویسینپلاتز لە شاری دارمشتادا سرودیان چڕی و دواتر راگەیاندراوێکیان پێشکەشی میدیاکان کرد و دەستیان بە گێڕانی ئاهەنگ و شایى کرد.

گەنجان کاتێک خۆیان ئامادە دەکرد کۆتایى بە دووەم رۆژی چالاکییەکەیان بهێنن و بڕۆن بۆ ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە دارمشتادا، لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە هێرشیان کرایە سەر.

کۆمیتەی ئامادەکاری رێپێوانەکە لەگەڵ پارێزەران قسەى کرد و رایگەیاند، بڕیارە بەمزوانە گەنجە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن. دوای ئەو پەلامارەى پۆلیس، گەنجان چوونە ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە دارمشتاد و بەشداری چالاکیى بەرزراگرتنى یادی گەریلای شەهیدی پەکەکە فرات چیچەک (باران کایا) بوون.

ژ.ت