دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئیدانە کرا

ژنان و گەنجانی کورد لە ئەوروپا، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هەپەدە و شێواندنی گۆڕی شەهیدان و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانیان ئیدانە کرد.

تورینتو

لە شاری تورینتوی کانادا رێکخراوی کۆمەڵەی ژنانی سارا ئوزگور، لە چوارچێوەی چالاکیەکدا دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هەدەپە و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانیان ئیدانە کرد.

ژنانی چالاکوان لە بەردەم ئۆڵد سیتی گرد بوونەوە و وێنەی ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، بەرز کردەوە.

ئەلیف گەنچ لەسەر ناوی کۆمەڵەکە قسەی کرد و تیشکی خستە سەر توندوتیژیەکانی بەرامبەر بە ژنان لە کانادا و وتی، تەنها لە ماوە راگەیاندنی کەرەنتینەدا لەو وڵاتە ٩ ژن لە لایەن پیاوانەوە کوژراون.

لە چالاکیەکەدا هاوکات ئۆپڕاسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی لە باکوری کوردستانی رسوا و شەرمەزار کران.

ستوکهۆڵم

ژنانی کورد لە وڵاتی سویدیش لە هەر یەک لە شارەکانی ستوکهۆڵم، ئورەبرو، گوتەبورگ، سوپسالا بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەلی کورد، رژانە سەر شەقامەکان و چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجامدا.

لە چالاکیانەکاندا، ئاڵاکانی بزوتنەوەی ژنانی کورد، پەکەکە و کەجەکە بەرز کرانە و بە وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی پانکارت دەستەسەرکردنی شارەوانیەکانی هەدەپە و گرتنی سیاسەتمەدارانی کورد لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، رسوا و شەرمەزار کرد.

لە ناو چالاکیەکەی ستوکهۆڵمی پایتەختدا، لە بارەی هەڵوێستی ئاکەپە بەرامبەر ئەندام پەرلەمانەکانی سۆسیال دیمۆکراتی سوید کە لە راگەیاندنەکاندا هێرشیان دەکەنە سەر، بڵاوکراوەی شەرمەزارکردن بڵا کرانەوە.  

لە شاری گۆتەبورگیش لەسەر بانگەوازی کۆمەڵەی ژنانی سەما چالاکیەک بەڕێوە چوو. لەو چالاکیەشدا داوای کۆتاییهاتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کرا. هاوکات بانگەوازیەک ئاڕاستەی گەلی سویدیش کرا  کە لە دژی هێرشە نەگریسەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەلی کورد هەڵوێست بنوێنن و ناڕەزایەتی دەرببڕن و پشتیوانی لە گەلی کورد و دۆزە رەواکەی بکەن.

لەو چالاکیەدا هاوکات دەستەسەرکردنا شارەوانیەکانی هەدەپە و ئۆپڕاسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسیی لە دژی سیاسەتمەدارانی هەدەپە، شەرمەزار کران.

ستراسبورگ

دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هەدەپە و هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان و شێواندنیان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، لە شاری ستراسبورگی فەرەنسا لە لایەن گەنجانی کوردەوە، ئیدانە کرا.

گەنجان ئاڵای پەکەکەیان لە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە ستراسبوگ هەڵواسی و جەختیشیان کردەوە کە چالاکیەکانیان لە دژی هێرشی داگیرکەران بەرفراوانتر دەکەن.

شتوتگارت

هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بەرامبەر پیرۆزیەکانی گەلی کورد، لە شاری شتوتگارتی ئەلمانیا رسوا و شەرمەزار کرد.

چالاکانی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێر و ژنانی گەنجی ئازاد بەم بۆنەیەوە چالاکیەکیان ئەنجامدا.

نزیکەی ٥٠ گەنج پانکارتی "کوشتنی کورد بەشی حکومەتی فاشیستی تورک ناکات، ئێستاش دەستی بۆ شێواندنی گۆڕستانەکان بردووە، تێکیان دەدات و تەرمەکان دەسووتێنێت"، بەرز کردەوە.

لە چالاکیەکەدا هەروەها پۆستەری عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، ئاڵاکانی  بزوتەوەی گەنجانی شۆڕشگێر، ژنانی گەنجی ئازاد و MLKP بەرز کرایەوە.

لە دژی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر پیرۆزیەکانی گەلی کورد، گەنجان بانگەوازیی خاوەنداری لە نرخەکانی گەلی کوردیان کرد.

ز.ش