زیاتر لە ١٠٠ کەسایەتی لە چوارچێوەى یەکێتیى نەتەوەیدا لە دژی پیلانگێڕی رێپێوان ئەنجام دەدەن

رۆشنبیران، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و نوێنەرانى رێکخراوەکان لە شارە جیاجیاکانى ئەوروپاوە لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى ١٥ی شوبات کۆدەبنەوە. زیاتر لە ١٠٠ کەسایەتی لە سویسرا دەست بە رێپێوانێکى ٤ رۆژە دەکەن.

لە ٢١هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیى نێونەتەوەیى ١٥ی شوبات، کە لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا، کوردستانیان لە ئەوروپا لەگەڵ دۆستەکانیان جارێکیتر دەڕژێنەوە سەر شەقامەکان. پێش رێپێوان و کۆبوونەوە گەورەکەى ١٥ی شوبات لە ستراسبۆرگ، لە سویسرا بۆ ماوەى ٤ رۆژ رێپێوانێکى درێژمەودا رێکدەخرێت، کە بە بەشداریى زیاتر لە ١٠٠ کەسی رۆژنامەنووس، نووسەر، سیاسەتمەدار، هونەرمەند و نوێنەرانى رێکخراوەکان لە چوارپارچەى کوردستانەوە بەڕێوەدەچێت. رێپێوانەکە بە دروشمی "ئازادی بۆ ئۆجالان، پێگە بۆ کوردستان" لە جنێڤ تاوەکو باسل بۆ ماوەى ٤ رۆژ بەڕێوەدەچێت.

بە دروشمی یەکێتیى نەتەوەیى داواى ئازادی بۆ ئۆجالان دەکرێت

ساڵح ساگلام هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە جنێڤ لەبارەى ئەو رێپێوانەوە، کە لە ١٠ی شوبات دەستپێدەکات رایگەیاند "گرنگترین لایەنی رێپێوانە درێژمەوداکەى ئەمساڵمان لە دژی پیلانگێڕی ئەوەیە، کە بە دروشمی 'ئێمە بە یەکتیى نەتەوەیمان پیلانگێڕیى نێونەتەوەى پوچەڵ دەکەینەوە'یە. ئێمە هەم بۆ ئازادیى رێبەرەکەمان و هەم بۆ بەدیهێنانى یەکێتى نەتەوەیمان رێپێوانەکە ئەنجام دەدەین. رێپێوانەکە لە شاری لۆزانەوە تاوەکو جنێڤ بە بەشداریى چەندین سیاسەتمەدار، هونەرمەند، رۆشنبیر و نوێنەرانی رێکخراوەکانى کۆمەڵی شارستانى بەڕێوەدەچێت".

'ئەوەى لە ئیمراڵی گۆشەگیرکراوە تەنها رێبەری ئێمە نییە'

ساگلام راشیگەیاند، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى لە دژی ئۆجالان راستەوخۆ لە دژی ئازادیى کوردستان و یەکێتیى نەتەوەیى گەلی کورد بوو و وتی "ئەوەى لە ئیمراڵی گۆشەگیرکراوە تەنها رێبەری ئێمە نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا ئازادیی کوردستان و داهاتوی گەلی کوردە. دەبێت مرۆڤ بەو شێوەیە لە پیلانگێڕییەک تێبگات. دەبێت سیاسەتەکانى داگیرکەری و چەوسانەوە لە هەر چوار پارچەى کوردستان وەک بەردەوامیى سیاسەتى نێونەتەوەیى بۆ دیلکردنى رێبەرمان لێکبدرێتەوە. رێبەرمان پێشەنگایەتیى بۆ گەلێک کرد، کە لە لێواری لەناوچوندا بوو، لەبەر ئەوەى بەرەنگاری عەقڵییەتى ئیمپریالیست و داگیرکەر بوویەوە چەندین ساڵە دیلکراوە. بۆیە ئێمە دەڵێین: داواى ئازادیى بەڕێز ئۆجالان و ئازادکردنى بە مانای پوچەڵکردنەوەى پیلانگێڕیى نێونەتەوەییە و ئەوەش بەرپرسیاریى هەموو مرۆڤێکى کوردە".

ساگلام بانگەوازی بۆ رێپێوانە درێژەکە و بەشداریکردن تیایدا کرد و وتی "ئێمە لە هەموو کات زیاتر لەو بڕوایەداین، کە رێبەرمان ئازاد بکەین. دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەکێتیى نەتەوەیمان و ئازادیی رێبەرمان هەموو کەس پشتیوانى لەو رێپێوانە بکات".

ژ.ت