لە ئەسینا رێپێوان لە دژی نەژادپەرەستی ئەنجامدرا

لە شاری ئەسینای پایتەختی یونان لە دژی نەژادپەرەستی رێپێوانێک ئەنجامدرا.

بۆ یادکردنەوەى جۆرج فلۆید، کە لە هێرشێکى نەژادپەرەستانەدا لە ئەمریکا لەلایەن پۆلیسەوە کوژرابوو و هەروەها بۆ پاراستنی برایەتیى گەلان، هەزاران کەس لە گۆڕەپانی سینتاگمای شاری ئەسینای پایتەختی یونان کۆبوونەوە و پۆستەریان بە زمانەکانى یونانی، کوردی، تورکی و ئینگلیزی و وێنەکانى جۆرج فلۆید و وێنەکانى ئەو کەسانەى لە کوردستان کوژراون بەرزکردەوە و دەستیان بە رێپێوانەکەیان کرد.

جگە لە رێکخراوە چەپەکان، سۆسیالیست و ئەنارشیستەکان، یەکێتیی چالاکییەکانى یونان تورکیا – کوردستان، کە پێکهاتوون لە (پەکەکە، مەلەکەپە، دەکەپە/بۆگ، مەکەپە، تەکەپە-مەل) بە پۆستەر و پانکارتەوە بەشداری رێپێوانەکە بوون.

لە چالاکییەکەدا دروشمەکانى 'بژی برایەتیی گەلان' و 'ئەردۆغانى بکوژ، ترامپی بکوژ' وترانەوە.

دوای ماوەیەک پۆلیس بە بۆمبی فرمێسکڕێژ هێرشی کردە سەر جەماوەری خۆپیشاندەر و جەماوەریش بە بۆمبی دەنگی و کۆکتێل مۆلۆتۆف وەڵامی هێرشی پۆلیسەکانیان دایەوە.

پێکهەڵپژانی نێوان جەماوەر و پۆلیس لە بەردەم باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە ئەسینا دەستپێکرد و تاوەکو گەڕەکی ئەخارکیا بەردەوامیی هەبوو.

ژ.ت