لە ڕوسیا دەوڵەتی تورک و پەدەکە شەرمەزار کران

کوردانی نۆڤۆلەکسدانرۆڤسکی هەرێمی ستاڤراپۆلی ڕووسیا لەدژی کردەوەکانی پەدەکە کە هێزەکانی ناردووەتە زینی وەرتێ ناڕەزایان دەربڕی و داوایان لە پەدەکە کرد هێزەکانی بکشێنێتەوە.

نوێنەرانی ئۆتۆنۆمی کلتوری نەتەوەیی کوردی ناوچەی نۆڤۆلەکسدانرۆڤسکی هەرێمی ستاڤراپۆلی ڕووسیا هێرشی سەر هەرێمی قەندیلیان شەرمەزار کرد.

کوردانی ئەو ناوچەیە رایانگەیاند، ناردنی هێزی پەدەکە بۆ زینی وەرتێ خزمەت بە گەلی کورد ناکات و زیاتر خزمەت بە دەوڵەتی تورک و دوژمنانی کورد دەکات و داواکرا هەموو لایەک لەدژی ئەو هەنگاوەی پەدەکە هەڵوێست پیشان بدەن.

هەروەها باسی ئەوەیان کرد، ئەوان سیاسەتەکانی پەدەکە شەرمەزار دەکەن و ئاماژەیان بە شەڕی براکۆژی نێوان هێزە کوردیەکان کرد و وتیان، پێویستە وانەی لێ وەربگرن.

کوردانی نۆڤۆلەکسدانرۆڤسکی هەرێمی ستاڤراپۆلی ڕووسیا داوایان لە پەدەکە کرد هێزەکانی بە زوترین کات لە زینی وەرتێ بکشێنێتەوە.

هەروەها داوایان لە پەدەکە کرد گەمارۆی سەر کەمپی پەنابەرانی مەخموور هەڵبگرێت.

ف.ق