لە تورکیا کەمینەکەی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر دەبێت، دەوڵەت دەمامک دابەش ناکات و زیندانیانیشی لە چنگی مەرگدا هێشتووەتەوە.
لە سەرتاسەری جیهان زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٨٥٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە ١٩٨ هەزار کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، هیچ شتێک ئەوە ناسەلمێنێت، تووشبوویەک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە چاک بووبێتەوە، جارێکی دیکە تووش نەبنەوە.
بەرپرسانی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە رایدەگەیێنن لە تورکیا ١٠١ هەزار و ٧٩٠ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٢٤٩١ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. بەڵام وڵاتانی جیهان ئاشکرای دەکەن کە دەوڵەتی تورکیا ئامارە راستەقینەکان دەشارێتەوە.
لە پێی کەناڵی بی بی سی، رێژەی راستەقینەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە لە تورکیا زیاترە لەو ژمارەی لە لایەن بەرپرسانەوە رایدەگەیێنن. پزیشکێکی تورکیا ئاشکرای کردووە کە دەوڵەت، نیوەی ژمارەی قوربانیان ئاشکرا دەکات.
قەیرانی دەمامک!
ئەردۆغان چۆلاک سەرۆکی یەکێتی دەرمانخانەکانی تورکیا وتی:" جگە لە ٣٠ شارە گەورەکەی تورکیا و زونگولداغ، شارەکانی دیکە هێشتا ماسکەیان پێنەگیشتووە. بە داخەوە لە سەرتاسەری تورکیا ماسکە دەستناکەوێت."
یەکگرتنی خانەوادەکان
کەمپینەکەی هەدەپە بۆ یەکگرتنی خانەوادەکان، بەردەوامە. تا ئێستا ناوی ٢١ هەزار و ٧٥٠ خانەوادە تۆمار کراوە و هاوکاری خۆراک و پاککەرەوە گەیشتووەتە دەستی ١١ هەزار خانەوادە.
لە بەندیخانەکان رێوشوێن نەگیراونەتە بەر، بەڵکو ئەشکەندجەدان هەیە
ئاکەپە و مەهەپە، هاوکارانیان، چەتە و هێرشبەرەکانیان لە زیندانەکان ئازاد دەکەن و ژیانی زیندانیانی سیاسیشیان خستووەتە مەترسیەوە.
فیدراسیۆنی کۆمەڵەی یەکگرتنی خانەوادەی زیندانیان-ی میزۆپۆتامیان (MED TÛHAD-FED) رایگەیاند، زیندانیانی سیاسیان لە چنگی مەرگدا هێشتووەتەوە و ئەشکەنجەیان دەدەن و لە بەندیخانەکان هیچ رێوشوێنێک نەگیراونەتەبەر.
ئاماری کۆرۆنا لە جیهاندا
لە ئەمریکا ٩٢٥ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٥٢ هەزار و ٢٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە ئیتالیا ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ١٩٣ هەزار و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٦ هەزار کەس.
لە ئیسپانیا ٢١٩ هەزار کەس تووش بوون و ٢٢ هەزار و ٥٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە فەرەنسا ١٦٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٢٢ هەزار و ٢٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە بەریتانیا زیاتر لە ١٤٣ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، ١٩ هەزار و ٥٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.
لە ئەلمانیا ١٥٥ هەزار کەس تووش بوون و ٥٧٦٥ کەسی گیانیان لەدەستداوە.
لە بەلجیکا ٤٥ هەزار کەس تووش بوون و ٦٩٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە سویسرا ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون گەیشتووەتە ٢٩ هەزار و ژمارەی ئەو کەسانەش کە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە نزیکە ١٦٠٠ کەس.
لە هۆلەندا ٣٧ هەزار و ١٩٠ کەس تووش بوون و ٤٤٠٩ کەسیش گیانیان لەدەستدا.
لە ئێرانیش ٨٩ هەزار و ٣٢٨ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٥ هەزار و ٦٥٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ز.ش