لە رووداوى فڕۆکەکەى ئیستانبول دا کەسێک گیانى لەدەستدا و ١٥٧ کەسیش برینداربوون-نوێ کرایەوە-

فڕۆکەى بۆئینگ ٧٣٧، کە لە ئیزمیرەوە دەڕۆیشت بۆ ئیستانبول لە کاتى نیشتنەوەدا لە فڕۆکەخانەى سەبیحە گۆکچە لە ئیستانبول لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و بەو هۆیەوە کەسێک گیانى لەدەستدا و ١٥٧ کەسیش برینداربوون.

بە دەستەى فڕۆکەوانى فڕۆکەکە و گەشتیارەکانەوە بە گشتی ١٧٧ کەس لە فڕۆکەکەدا بوون، کە لە ئیزمیرەوە بەرەوە ئیستانبول رۆیشتبوون. عەلی یەرلی کایا پارێزگاری ئیستانبول ئیدعای ئەوەیکرد، کە بەهۆی خراپیى کەش و هەواوە فڕۆکەکە لە رێڕەوی خۆی دەرچووە.

بەهۆی دەرچوونى فڕۆکەکە لە رێڕەوی خۆی لە کۆی ١٧٧ کەسی ناو فڕۆکەکە کەسێک گیانى لەدەستداوە و ١٥٧ کەسیان رەوانەى نەخۆشخانە کراون.

پەیامنێری ئاژانسى هەواڵی فەرەنسا (AFP) رایگەیاند، دواى ئەوەى فڕۆکەکە لە رێڕەوی خۆی دەرچوو لە دوو شوێنەوە بوو بە دوو کەرتەوە. سەرەتا بەشی کابینەى فڕۆکەوانیی فڕۆکەکە و دواتر بەشی دواوەی فڕۆکەکە پارچە پارچە بوون.

ئاماژە بەوەشدەکرێت، دواى ئەوەى فڕۆکەکە لە رێڕەوی خۆی دەرچووە، لە بەرزیى ٣٠ بۆ ٤٠ مەترییەوە داویەتى بە زەویدا.

میدیاکانى تورک بڵاویانکردووەتەوە، لە فڕۆکەکەدا ژمارەیەکى زۆر گەشتیاری بیانی هەبوون، بەڵام زانیارییان لەبارەى ناسنامەى ئەو بیانیانە بڵاونەکردووەتەوە، کە خەڵکی کام وڵاتانەن.

بریندارەکانیان بە پاس گواستوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، نەک ئامبولانس

لەلایەکى ترەوە بریندارانى رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، بە پاس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە نەک ئامبولانس و زیاتر لە کاتژمێرێکیش راوەستێنراون.

ژ.ت