لە عێراق ٣٠٨ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکران

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦ هەزار و ٣٥٢ پشکنین ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا ٣٠٨ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەگەڵ پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان، لە بەرامبەریشدا ٥٣ کەس چاکبوونەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دواین ئاماری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦ هەزار و ٣٥٢ پشکنین ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا ٣٠٨ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، کە ٢٧٣ توشبوویان لە بەغدا بووە، شەش کەس لە بەسرە و حەوت لە سلێمانی یەک لە هەولێر و کەسێک لە نەجەف و کەسیک لە دهۆک و سێ کەس لە دیالە و سێ کەس لە کەربەلا و شەش کەس لە واست و پێنج کەس لە موسەنا و کەسێکیش لە سەڵاحەدین بووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراقدا چاکبوونەوەی ٥٣ توشبووی کۆرۆنا ڕاگەیەندراوە، کە ٤٦ توشبوویان لە بەغدا و ١٤ لە بەسرە و شەش کەس لە دیالە و کەسێکیش لە بابل بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئاماژە بە گیانلەدەستدانی پێنج توشبووی کۆرۆنا کراوە لە بەغدا.

لەکۆتایشدا ئاماری گشتی توشبووانی کۆرۆنا خراوەتە ڕوو، کە ٤ هەزار و ٢٧٢ کەسە، کە ٢ هەزار و ٥٨٥ کەسیان چاکبوونەتەوە و ١٥٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ز.ش