هێرشە فاشیستییەکانى دەوڵەتى تورک لە پاریس و مارسیلیا ئیدانەکران

گەنجانی کورد لە شارەکانی پاریس و مارسیلیا رژانە سەر شەقامەکان و هێرشەکانى فاشیزمی دەوڵەتى تورکیان ئیدانە کرد.

چالاکوانانی بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆبوونەوە و هێرشی نەژادپەرەستانەى تورکیا لە دژی گەنجانی کورد ئیدانە کرا.

چالاکییەکە بۆ بارش چاکان و ئەمیر جورا ئەنجامدرا. بارش چاکان لەلایەن فاشیستەکان لە ئەنقەرە بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانیی کوردییەوە کوژرا و پۆلیسی دەوڵەتى تورکیش لە ئامەد ئەمیر جورای زۆر بە قورسی ئەشکەنجە کردبوو و لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهید بوو بوو.

 لە چالاکییەکەدا دروشمەکانى "هەڤاڵ بارش نامرێت" ، "کوردستان بۆ فاشیزم دەبێتە گۆڕستان" وترانەوە. لە رێپێوانی گەنجاندا پۆستەرێک، کە لەسەری نووسرابوو "فاشیزم لە تورکیا راوەستێنن" بەرزکرابووە و رێپێوانەکە دواى خولەکێک رێزگرتن کۆتایی پێهات.

مارسیلیا

لە شاری مارسیلیای فەرەنسا چالاکییەکی تر رێکخراو و تیایدا هێرشە فاشیستییەکانى دەوڵەتى تورک و فاشیستەکان بۆ سەر گەلی کورد و کوردستان و تورکیا ئیدانە کران.

لە چالاکییەکەدا پۆستەرێک کە لەسەری نووسرابوو "بەرامبەر بە هێرشەکانى دژ بە کورد بێدەنگ نەبن، دەست لە کوشتاری کوردان هەڵگرن" بەرزکرابووە و وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئاڵاکانى پەکەکە، یەپەگە، یەپەژە و بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ بەرزرکرابوونەوە.

لە چالاکییەدا دروشمەکانى "تیرۆریست ئەردۆغان" و "تەجە بکوژە و دەبێت باجەکەى بدات" وترانەوە و داوایانکرد بە خێرایی رێگری لە هیرشە فاشیستییەکان بگیردرێت.

ژ.ت