هێشتا هۆکاری نوقمبونی کەشتییە ئێرانییەکە لە سنورە ئاوییەکانی عێراق دا روون نەبووەتەوە

سەرۆکی گواستنەوەی ئاویی ئیران نادر پەسندە ڕایگەیاند "بەهۆی نوقمبوونی ئەو کەشتیە ئێرانییە لە ئاوی سنوور عێراق دا کەسێک لە تیمی کەشتییەکە گیانی لەدەست داوە و دوانیش تاکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە".

نادر پەسەندە ئاماژەی بەوە کردوە، کەشتیی بارهەڵگری (بەهبەهان) ڕۆژی سێشەمە لە بەندەری خوڕمشاری باشووری ئێران بەرەو بەندەری ئوم قەسەر لە عیراق بەڕیکەوتوە.

لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەمە کەشتییەکە لە (خور عەبدوڵا) نوقم بوە، ئەو شوێنە شوێنێکی تەنگە و لەوێ عێراق لەگەڵ کوەیت جیادەکرێتەوە.

 بەپێی ئاژانسەکانی دەوڵەتی ئێران، تیمی کەشتیوانیی ئەو کەشتییە پیکهاتون لە ٧ کەس و  تا ئێستا چارەنووسی ٢ کەس لە تیمەکە دیار نییە و ئەو  کەسەش یەکێکیشیان بە ڕەگەز هندیە و ئەوی دیکەش ئێرانیە.

تاکو ئیستا هۆکاری نوقم بونی ئەو کەشتییە بارهەڵگرەی ئێران، کە سیرامیکی بار کردبوو نەزانراوە، بەڵام پەسەندە ئاماژەی بەوە کردوە، ئێران و عێراق لە پەیوەندیدان و تیمێکی شارەزا ڕەوانەی شوێنی نوقمبونی کەشتییەکە دەکرێت.

لە هەمان کاتدا وەزارەتی گواستنەوەی عێڕاق بە ئاژانسی (ئەسیوشەیتد پرس)ی ڕاگەیاندووە "هۆکاری نوقمبونی کەشتیەکە دیار نییە، ٤ کەس لە ئەندامانی تیمەکە ڕزگار کراون و تەرمی یەکێک لە کارمەندەکانیش دۆزراوەتەوە. تاکۆ ئێستایش گەڕان بە دوای ئەو ٢ کارمەندەی تری کەشتییەکەدا بەردەوامە".

ژ.ت