رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان چەندین لێکۆڵینەوە و پێشبینی لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کردوە و لە پارێزنامەکانیدا بڵاوی کردونەتەوە و لەوبارەوە هەمیشە خاوەن تێڕوانینێکی جیاواز بووە و پێیوایە دونیای کەپیتالیست و سەرمایەداری گەورەترین مەترسین لەسەر مرۆڤایەتی و سروشت.
پیشەسازی پاوانکراو کۆمەڵگا دەکاتە ڕۆبۆت
ئۆجەلان لە پارێزنامەی شارستانیەتی کاپیتاڵیستدا، تیشک دەخاتە سەر لایەنی تەندرووستی و دەرونی مرۆڤ و پێی وایە پیشەسازی پاوانکراو گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگا و دەیکاتە رۆبۆت.
جەخەتیش دەکاتەوە 3 بنەمای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک هەن کە یەکێکیان دژی دونیای سەرمایەداری و پیشەسازی پاوانکراوە و سەبارەت بەوەش دەڵێت: "کاپیتاڵیزم تەکنیک بە ئارەزووی خۆی و بەشێوەیەکی بێسنور بۆ کار و سەرمایەی زێدە بەکاردێنێت، هەر وەک چۆن دەوڵەت نەتەوەی بۆ بەهێزکردن دەسەڵاتداری خۆی دامەزراند، ئاواش تەکنیک لە پێناوی پیشەسازی پانکراو بەکاردەهێنت".
ئەرگەری بەری نەگیردرێت سەرمایەداری کۆمەڵگەی ڕووبەڕووی لەناوچوون دەکاتەوە
ئۆجالان جیهانی سەرمایەداری بە هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا ناو بردووە و ڕایگەیاندووە: "ئەگەر ئەو مەترسیە پێشی لێنەگیرێت و سنوردار نەکرێت ئەوا کۆمەڵگا ناتوانێت بە شێوازێکی سروشتی و وەکو خۆی بەردەوام بێت و ڕووبەڕووی لەناوچوونی دەکاتەوە".
کاپیتالیزم و پیشەسازی پاوانکراو ڕووبەرێکیان بۆ ژیانی مرۆڤایەتی نەهێشتووەتەوە
ڕێبەر ئۆجالان ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاپیتالیزم زیاتر لە شەڕ گرنگی بە زیادکردنی پیشەسازی پاوانکراو دەدات و ڕووبەرێک بۆ ژیانی مرۆڤایەتی ناهێڵێتەوە". بۆ ئەوەش ژیانی شاری ملیۆنانی کەسی بە نموونە هێناوەتەوە کە شاری لەو شێوەیە هیچ واتایەک بۆ کۆمەڵگا ناهێڵێتەوە و بەڵکو لە بۆتەی خۆیدا دەیتوێنێتەوە.
ڕۆژهەڵاتی ناوین سەردەمانێک بەهەشتی ڕوەک و ئاژەڵ بووە
ئۆجالان لە سەر ڕوشی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین و کاریگەری کاپیتالیزمی لەسەری بەفراوانی ڕاوەستەی کردوە و دەڵێت:
کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەهۆی تایبەتمەندەیەکانی کە ریشەی هەزاران ساڵەیان هەیە و لانکەی شارستانی پێنج هەزار ساڵان بووە، بە هێندەی وڵاتانی مەترۆپۆل کاریگەری پیشەسازی پاوانکراوی سەرمایەداریی لەسەری نەبووە و ڕووبەڕووی تێکچوون نەبووەتەوە، بەڵام دیسانەوەش ڕووبەرووی کارەساتگەلێک کراوەتەوە و زۆرشوێنی ئەو هەرێمە بێ دارستان و شینایی هێڵدراوەتەوە و ڕووبەڕووی وێرانی کراوەتەوە. ئەو هەرێمە کە سەردەمانێک بەهەشتی گژوگیاو و ڕوەک و ئاژەڵ و باڵندەکان بووە، ئەمڕۆکە کراوەتە دۆزەخ. هەر ئەوەش وای کردوە ئەو هەرێمە بەخێرای پێویستی بە ژیانێکی ئیکۆلۆژی نوێ هەبێت و دەشکرێت سەرلەنوێ بکرێتەوە بە هەرێمێکی سەرسەوز و پڕخێر و بەرەکەت و بەهەشتەکەی جاران.
هەر شوێنێک کێشەکان سەختر بن، لەوێش رێبازەکانی چارەسەریان سەرهەڵدەدەن
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستنیشانی کردوە: "تایبەندمەنیەکی مرۆڤ هەیە کە لە هەر شوێنێک کێشەکانی سەختر بوونەوە، لەوێش رێبازەکانی چارەسەریان بۆ دەستنیشان دەکات. سەلمێنراوە کە مرۆڤ ناتوانێت بیر لە چارەسەری کێشەکان نەکاتەوە. لەو چوارچوەیەشدا بەگوێرەی کات و شوێنی سەرهەڵدانی کێشەکان، هەلومەرجی چارەسەریش دەخوڵقێنرێن. هەروەک شوێنەکانی دیکەی جیهان، لە ڕۆژهەلاتی ناوینیش پرەنسیبەکانی چارەسەری ئیکۆلۆژی بەلانی کەمەوە بەهێندەی شۆڕشی سیاسی گرنگیان هەیە. لەو چوارچێوەیەشدا ئیسرائیل نمونەی سەرکەوتووی نیشان داوە و سەردەستی زانستی و تەکنەلۆژی خۆی لە بواری ئیکۆلۆژیدا بەکاردەهێنیت و لە بیابانەکاندا زەمینەی ژیانێکی بەهەشت ئاسای خوڵقاندووە".
بناغەی تەکنیکی مۆدێرنیتەی دیموکراتی دەبێت ئیکۆلۆژی بێت
ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان جەخت دەکاتەوە، "بناغەی تەکنیکی مۆدێرنیتەی دیموکراتی دەبێت ئیکۆلۆژی بێت، بەبێ نکۆڵیکردن لە پێشەسازی و ئابوری، دەبێت ئابوریەکی ئیکۆلۆژی کۆمیناڵ پێش بخرێت و بشبێتە هێزی پێکهێنەری ژیانی نەتەوەی دیموکراتیک و مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و ژیانی هاوبەش.
هـ.هـ