پەرلەمانى ئەڵمانیا "ناوچەى ئارام"ی تورکیا بە "ناوچەى داگیرکراو" ناساند

لە راپۆرتی پەرلەمانی ئەڵمانیادا بۆ ئەنگێلای مێرکل راوێژکاری وڵاتەکەیان، ناوچە ئارامەکەى دەوڵەتى تورک لە باکوور – رۆژهەڵاتى سوریا بە "ناوچەى داگیرکراو" ناوی هێنراوە. ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیاش لە دژی پشتیوانییەکانى مێرکلن بۆ تورکیا.

پەرلەمانى ئەڵمانیا راپۆرتێکى لەبارەى ناوچەکانى باکوور – رۆژهەڵاتى سوریا ئامادە کردووە، کە تورکیا داگیریکردوون و لە راپۆرتەکەدا ئەو ناوچانە، کە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بە "ناوچەى ئارام" پێناسەى دەکات بە "ناوچەى داگیرکراو" ناوی هاتووە.

ئەنگێلای مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی سەردانەکەى ئەمدواییەدا بۆ تورکیا رایگەیاندبوو، ئەڵمانیا پشتیوانى لەو "ناوچە ئارام"ەی دەوڵەتى تورک لە باکوور – رۆژهەڵاتى سوریا دەکات.

"ناوچەى ئارام نییە، ناوچەى داگیرکراوە"

لە راپۆرتەکەى پەرلەمانى ئەڵمانیدا "ناوچەی ئارام"ی دەوڵەتى تورک بە "ناوچەى داگیرکراو" ناوی هاتووە.

بەپێى هەواڵێکى دۆیچەڤێلەی ئەڵمانی، لەسەر داواى پەرلەمانتاران لەلایەن فەرمانگەى خزمەتى زانستیی پەرلەمانى فیدراڵەوە راپۆرتێک ئامادە کراوە و ئەو ناوچانەى باکووری سوریا، کە سەربازانى تورکیایان تیادایە بە "ناوچەى داگیرکراو" ناویان هاتووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "پلانی نیشتەجێکردنی پەنابەرانى سوریا لەو ناوچانەدا لەگەڵ یاسا نێونەتەوەییەکاندا نایەتەوە. ئەو هەواڵ و راپۆرتانەى لەبارەى دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچە داگیرکراوانە دێن، ئەوە دەردەخەن ئەگەر کەسانێک بنێردرێن بۆ ئەو ناوچانە ژیانیان رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە و ناوچەکە بۆ ژیان دەست نادات".

"ئامانجیان گۆڕینى دیموگرافیایە"

پسپۆڕان لە راپۆرتەکەیاندا باسی ئەوەشیانکردووە "ئامانجیان گۆڕینى دیموگرافیای" ناوچە داگیرکراوەکانە. ئەو ناوچانەی داگیرکراون بەپێى بڕیاری ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دیوانی دادپەروەری نەبووە و ئەو دەستێوەردانە لەگەڵ مافە نێودەوڵەتییەکاندا نایەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدا ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا لەسەردانەکەى ئەمدواییەدا بۆ تورکیا لەبارەى پلانى "ناوچەى ئارام" لە باکووری سوریا وتبوی، بەپێى هەندێک مەرج ئەڵمانیا پشتیوانی لە پلانی "ناوچەى ئارام" دەکات.

ئۆپۆزسیۆنى ئەڵمانیا لە دژی پشتیوانیەکەى دەوڵەتى ئەڵمانیان بۆ ئەو داگیرکەرییە

حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئەڵمانیا لە دژی پلانى "ناوچەى ئارام"ی تورکیان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و بۆ ئەوەش گوشاری زۆریان خستووەتە سەر حکومەتەکەى مێرکل.

هەلین ئەڤریم سۆمیر پەرلەمانتاری پارتی چەپ لەبارەی راپۆرتەکەى فەرمانگەى خزمەتی زانستیى پەرلەمانى ئەڵمانیا وتی "لە راپۆرتەکەدا پلانی گواستنەوەى پەنابەرانى سوریا بۆ باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، کە رژێمەکەى ئەردۆغان داگیریکردوون لە رووی مافەکانى مرۆڤ، مافی پەنابەری و یاسا و حقوقەوە داگیرکەرییە و پێشێلکردنی بەها نێونەتەوەییەکانە".

سۆمیر هۆشداریى ئەوەى دا، کە مێرکل پشتیوانى لە پلانەکەى دەوڵەتى تورک نەکات و وتیشی "لە دۆخی پێچەوانەدا حکومەتى ئەڵمانیا دەکەوێتە دۆخی تاوانبارییەوە بۆ پشتیوانیکردن لە دەرکردنى دانیشتوانى کورد لەسەر شوێن و زەوی و زێدی خۆیان، کە تورکیا لە چوارچێوەى تاوانى شەڕدا خەریکى ئەو پاکتاوکارییەیە".

ژ.ت