ژمارەى کوژراوانی رووداوی فڕۆکەکەى ئیستەنبول بۆ ٣ کەس بەرزبوویەوە

ژمارەى ئەو کەسانەى لە رووداوى فڕۆکەکەى ئیستەنبول دا  گیانیان لە دەستدا بۆ ٣ کەس بەرزبوویەوە.

فڕۆکەى جۆری بۆینگ ٧٣٧ی هێڵی ئاسمانیى پیگاسوس لەگەشتى ئیزمیر – ئیستەنبول لە کاتى نیشتنەوەى لە فڕۆکەخانەى سەبیحە گۆکچە لە ئیستەنبول لە رێڕەوی نیشتنەوەکەى دەرچوو و بەپێى لێدوانى بەرپرسانى دەوڵەتى تورک لەو رووداوەدا ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٨٠ کەسی تریش بریندار بوون.

لە ناو گەشتیارانى فڕۆکەکەدا ٢٢ بیانى لە ١٢ وڵاتەوە هەبوون. راگەیاندرا، کەسوکاری بریندارەکان دەتوانن لە رێگەى هێڵی ١٨٤ەوە زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستیى بریندارەکان وەربگرن.

دواى ئەو رووداوە فڕۆکەخانەى سەبیحە گۆکچە داخرا. هێڵی فڕۆکەوانى تورک-یش رایگەیاندبوو، گەشتەکانى رۆژی چوارشەممەى فڕۆکەخانەى سەبیحە گۆکچە هەڵوەشاونەتەوە.

داواکارى گشتیى کۆماری لە ئەنادۆڵ دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە.

ژ.ت