کەنەکە: پێویستە کۆمەڵکوژیی ١٩١٥ بە جینۆساید بناسرێت

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ١٠٥هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئەمەرنییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

کۆنگرەى نەتەویى کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە، باس لە پلانی ئەو کۆمەڵکوژییە و ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکات و داواش دەکات دەوڵەتى تورک دان بەو کۆمەڵکوژییەدا بنێت و وەک جینۆساید بیناسێت.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

پێویستە کۆمەڵکوژیی ١٩١٥ کە دەوەڵەتی عوسمانی ئەنجامیدا، وەک جینۆساید بناسرێت

ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هاوکارەکانی لە ساڵی ١٩١٥دا کۆمەڵکوژییان لە دژی مەسیحیە نیشتەجێکانی میزۆپۆتامیاو ئەنادۆڵ  ئەنجامدا. ژمارەیەکی زۆری ئێزیدیش بەر ئەو هەڵمەتی کۆمەڵکوژییە کەوتن. لەو قەتڵوعامەدا رێکخراوی ئیتیحادو تەرەقی، تەشکیلاتی تایبەت، سوارەی حەمیدییە، سوپای عوسمانی و ئەفسەرەکانی ناو سوپا بەشداربوون. هەموو پێکەوە تاوانێکی گەورەی مرۆڤایەتیان بەڕیوەبرد. بە مەبەستی ریشەکێشکردنی مێژوویی و کلتوری گەلانی ئەرمەنی و ئاسوری - سریانی و کلدانی ناوچەکە، کۆمەڵکوژیەکی فراوانیان بەڕیوەبرد. ئەم جینۆسایدە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە کە هەرگیز ناتوانرێ ئینکار بکرێت.

بەڵگەی ئاشکراو روون سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک مرۆڤ هەن. ئامارو سەرژمێریەکانی خودی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەو راستیە دەسەلمێنن. لە گەلی ئاسوری – سریانی و کلدانی زیاتر لە نیو ملیۆن کوژران. لە گەلی ئەرمەنیش زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ بە شێوازێکی دڕندانە و لە و شوێنی جیاوازدا کوژران. بە سەدان هەزاریش بە پێی یاسای کۆچکردنی ئەو سەردەمە دوورخرانەوە و بێسەرو شوێن کران. بە دەیان هەزاریش لە ژن و کچ و مناڵ ئەنفالکران و بە زۆر کرانە موسوڵمان و بە شوودران. بە هەزاران خانوبەرەوە و قوتابخانە و کتێبخانە و کڵێسا و کارگە وێرانکران. بڕێکی بێ شومار ماڵ و مڵک دەستیان بەسەردا گیراو تاڵان کران. بە ئاشکرا کوشتوبڕی گەلانی ئاسوری – سریانی و کلدانی و ئەرمەنی و ماڵ و ژیانیان حەڵاڵ کران. ئەمانە هەمووی بە فەرمان و بڕیاری جیهاد بۆ جینۆسایکردنی ئەتنیکی و ئاینی پێکهات.

ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خاکی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵی داگیرکرد و سەدان ساڵ تاڵانی کرد. دواجار لە ١٩١٥دا ئەو گەلانەی قەلاچۆکرد. تا ئێستاش خوێن لەو جینۆسایدە ئەچۆڕێت. ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو خەڵکە هات، ئەوە ١٠٥ ساڵە وەک تراژیدیایەکی مەزن لە یادەوەری نەوە نوێیەکانی ئەو گەلانەدا دەژی. ئێستاش کۆماری تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە دوای ١٠٥ ساڵ بە سەر ئەو جینۆسایدەدا هەر ئینکاری دەکات و دان بەو راستیەدا نانێ. ئەمەش واتای ئەوەیە کە تورکیا هاوبەشی ئەو تاوانەیە و درێژە بە جینۆساید دەدات. لە یادی ١٠٥ ساڵەی ئەو جینۆسایدەدا داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین کە دان  بەو تاوانەدا بنێت و داواکاریکانی ئەو قبوڵکردنە بسەلمێنێ.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، زۆر بەتوندی جینۆسایدی ١٩١٥ شەرمەزار دەکەین. داوا لە هەموو دامودەزگا نێونەتەوەیی و ناوچەییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە وەک جینۆساید بیسلەمێنن و قبوڵی بکەن.

ژ.ت