'بە ژن، ژیان، ئازادییەوە سەدەی ٢١ دەکەینە سەدەی ئازادیی ژن"

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی فورات پەیمان عەلوش باسی لەوەکرد کە لە بەرامبەر هەموو دەسەڵاتدارییەکان دەوەستنەوە تا ئەو کاتەی ژنان ئازاد دەبن و وتی، "بە ژن، ژیان، ئازادییەوە سەدەی ٢١ی دەکەینە سەدەی ئازادیی ژن".

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی فورات پەیمان عەلوش سەبارەت بە ٢٥ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

پەیمان عەلوش ئەوەی خستەڕوو کە وەک چۆن رێبەر ئاپۆ لە ناو هەلومەرجی هەرە دژواردا تێدەکۆشێت ئەوانیش بە هەمان رۆحەوە تێدەکۆشن و وتی، "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی ئێمە درێژە بە تێکۆشان دەدەین. لە کەسایەتی هەر سێ خوشکی میرابێل و شەهیدانی ئەم دواییەی تێکۆشانی ئازادیدا، ئێمە لەپێناو ئازادیی ژن بە رۆژ و شەو لە تێکۆشانداین. بۆ هەڵگرتن و نەهێشتنی توندوتیژی و دەسيڵاتداری لە بەرامبەر سیستمە قڕکەر و داگیرکەرەکان تێکۆشان دەکرێت. ئێمە هەموو شەهیدانمان کە لە شۆڕشی ئازادیدا گیانیان بەخت کردووە، بە بیردەهێنینەوە و بەژنی خۆمان بەرامبەر بە تێکۆشان و بەرخودانی ئەوان دادەنەوێنین".

'سەرمایەداری بۆ رەوایەتیدان بە توندوتیژی پەنا بۆ هەموو رێگەیەک دەبات'

پەمان عەلوش باسی لەوەکرد کە لەسەردەمی سەرمایەداریدا توندوتیژی گەیشتووەتە لوتکە و وتی، "بە شێوەیەکی مۆدێرن و لە رێگەی سەری تایبەتەوە دەیانەوێت ژن بە کەم نیشان بدەن، وەک کەرستەیەک وێنای دەکەن و توندوتیژی دژی ژنان رەوا دەکەن. هەزاران ساڵە توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت. لە ژێر ناوی جیاجیادا دەیانەووێت توندوتیژی و سیستم بە شێوەیەکی ئاسایی ببینرێت. لە هەرێمە داگیرکارییەکان توندوتیژی لە لایەن فاشیزمەوە لەسەر ژنان ئەنجام دەدرێت، ژنانی پێشەنگ دەکرێنە ئامانج".

'لە دژی دەسەڵاتداری سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ئازادیی ژن'

پەیمان لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە هەرکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 'ژن، ژیان، ئازادی' وەک هاوارێک وترایەوە، شەپۆلەکەی جیهانی تەنیەوە، لە هیندستان و تەواوی وڵاتانی دیکە ئەو دروشمە دەنگی دایەوە، ئەوان بەو دروشمە سەردەکەون و وتی، "لە دژی تەواوی توندوتیژی و دەسەڵاتدارییەکان سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ئازادیی ژنان. بە سوپابوونی ژن و لە رێگەی بزوتنەوەی ئازادییەوە، نەک هەر لە رۆژئاوا و نەک هەر لە چوار پارچەی کوردستان، بەڵکوو لە تەواوی جیهان ئیتر ژنان هەڵساونەتە سەرپێ و لە دژی ئەو عەقڵیەتە شۆڕشیان هەڵبژاردووە. ئەوەش لە رێگەی ئەندێشە و رامانەکانی رێبەر ئاپۆوەیە. ئێمە لە بەرامبەر هەموو دەسەڵاتدارییەکان دەوەستینەوە تائەو کاتەی ئازاد دەبین. لە رێگەی هەر سێ خوشکی میرابێلەوە دەستی پێکرد، تا سێ ژنەکە پارێس، شەهید بێریتان، زیلان ئەو شەپۆلە گەیشتە سارا، روکەن و ئاسیا، کە گیانی خۆیان لەپێناو کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان بەخت کرد. بەڵێن دەدەین کە درێژە بەو هێڵەی تێکۆشان بدەین".