چالاکیەکان دژی هەمواری یاسای باری کەسی بەردەوامە
ژنانی چالاکوان نارەزایەتی خۆیان لە دژی هەمواری یاسای باری کەسی دەربڕی و جەختیانکردەوە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەرامبەر بە زیانەکانی ئەو یاسایە.
ژنانی چالاکوان نارەزایەتی خۆیان لە دژی هەمواری یاسای باری کەسی دەربڕی و جەختیانکردەوە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەرامبەر بە زیانەکانی ئەو یاسایە.
سیمینار و کۆڕو کۆبونەوەکان لە سەر هەمواری یاسای باری کەسی بەردەوامە سەبارەت بەو پرسە نوێنەری ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان شۆخان حەمە ئەمین و گەلاوێژ محەمەد چالاکوانی بواری ژنان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوان.
شۆخان حەمە ئەمین وتی: "هەرجۆرە چالاکی و کەمپین و کۆبونەوە و بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی کاریگەری خۆی هەیە و خەڵک و کۆمەڵگە هۆشیار دەکاتەوە و لە هەمانکاتدا ئەو هەڵە تێگەشتنەی کە هەبووە لەسەر پرۆژە یاساکە دەیناسێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەی ناڕەزایەتیەکان زیاتر ببن، هەروەها حزب و لایەنە سیاسیەکان هانی ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی خۆیان بدەن دژی ئەم پرۆژە یاسایە بوەستنەوە. ئەم دەنگە ناڕەزایەتیانە بوونە هۆی ئەوەی ئەم پرۆژە یاسایە لە پێشتریشدا بوەستێندرێت."
'یاساکە مەرامی سیاسی لە پشتەوەیە و لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەدا نییە'
شۆخان حەمەئەمین، چالاکوانی ژن و نوێنەری ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "پێمان وایە سودی ئەم یاسایە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگە نیە و بابەتێکی سیاسیە، بەڵام لە دوای ڕوخانی سەدامەوە شیعە پێیوایە بیرو ڕای ئەوانی تیانیە ئەم یاسایە و لاوازە، ئەیانەوێت لە ڕووە سیاسییەکەوە دەست بۆ ئەم یاسایە بەرن و دەیانەوێت فیقهی شیعی بەسەر یاساکەدا زاڵبێت و لە بەرامبەریشدا هەندێک لە کوتلەکانی ناو پەرلەمان پرۆژەیەکی سیاسیان هەبێت بۆیە دەنگ بەو پرۆژەیە دەدەن، بۆیە زیاتر مەرامێکی سیاسیە تا وەکو لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا بێت."
هەروەها وتی: "هەندیک لە کوتلەکانی ناو پەرلەمان بە هۆکاری هەبوونی بەرژەوەندی سیاسی دەنگ بەو پرۆژە یاسایە دەدەن بێ بیرکردنەوە لە هەبونی مافی مناڵ و ژنان لە کۆمەڵگەدا، بۆیە ئەمە مەترسیە. کۆمەڵێک هەوڵی نێونەتەوەیی و ناوخۆیی هەیە کە هیوادارین ببێتە هۆی رێگری کردن لە هەمواری ئەم یاسایە هەرچەندە دڵنیایی ئەوا نیە کە جارێکیتر و لە خولێکیتر ئەم بابەتە سەر هەڵنەداتەوە."
لە کۆتای قسەکانیدا شۆخان حەمە ئەمین، نوێنەری ژنانی گۆڕان وتی: "جگە لە پیاوانی شیعە هەندیک لە و کوتلانەی هاو ئامانجن بەشێکیش لە پیاوانی سوننە کۆکن لەسەر هەمواری یاساکە."
لای خۆشیەوە گەلاوێژ محەمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، سەبارەت بە هەمواری یاسای باری کەسی وتی: "یاسایەکە پڕاوپڕە لە سوکایەتی بە ڕەگەزی مێینە ئەم یاسایە سەر بگرێت شتێکی زۆر خراپە و منداڵ ڕێز بۆ دایک و باوکی دانانێت و دەڵێت یاسا ڕێگای پێداوم دەتوانم بە تەمەنێکی منداڵەوە هاوسەر گێری بکەم."
هەروەها وتی: "هیوادارم هەموو ڕێکخراوەکان بگەنە ئەو ئاستەی کە بتوانن کاری تیا بکەن و نەهێڵن ئەم هەمواری یاسایەی سوکایەتی کردن بە مێیینە سەربگرێت. من وەک خۆم ماوەی ٥٠ ساڵە ئیش لە مافەکانی ژناندا دەکەم و بەدوایدا ئەچم، بەڵام ڕێکخراوەکان لە هەرێم و عێراقیش تا ئێستا نەیانتوانیوە باری کەسایەتی ژنان بەرز بکاتەوە و نەهێڵن سوکایەتی بە ژن بکرێت، تەنانەت لە ناو حزب و ئایینەکانە، لە ناو سونە و شیعە کەس ئەو هەدەفەی نەپێکاوە."
گەلاوێژ محەمەد ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت ژنان لە بازنەیەکدا ئیش بکەن نەک بۆ حزب و وەها کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئەوەی بۆ حزب کار بکات دەبێت گوێ لە قسەی حزبەکەی بگرێت ئەوکاتە ئەو حەقەی کە دەبێت بە یاسا بدرێت بە ژن، لە مناڵێکی نۆ ساڵ تا تەمەنی ٨٠ ساڵ حەقی پێنادرێت."