دایکانی ئاشتیی دژی بڕیاری لەسێدارەدان ناڕەزایەتییان دەربڕیی

ئەندامانی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتیی لە ئامەد، دژی بڕیاری لەسێدارەدانی وریشە مورادی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕین و ڕایانگەیاند، شەرمەزاریان دەکەین و بانگەوازیی گەڕانەوە بە بەها مرۆڤایەتییەکانیان لێدەکەین.

وەریشە مورادی

دایکانی ئاشتیی لە ئامەد، لە دژی بڕیاری لەسێداردانی وریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادیی کوردستان-کژار، کە لە ١٠ـی ئەم مانگە لەلایەن لقی دادگای ١٥ـی شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بەسەردا سەپێندرا، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا.

دایکانی ئاشتیی لە بەردەم ناوەندەکەیان لە ناوچەی ڕەزانی ئامەد گردبوونەوە و پاشان ڕاگەیاندراوەکەیان لەلایەن موورڤەت دەمیر خوێندرایەوە و جەختی کردەوە سەپاندنی سزای لەسێدارەن بەسەر وریشە مورادییدا قەبووڵ ناکەن و وتی: بانگەوازیی لە دەوڵەتی ئێران دەکەین، وەک دایکانی ئاشتیی لە دژی ئەم بڕیارەین، هەروەها داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین با ئەو بڕیارە هەڵوەشێننەوە، ژن ژیانە دەبێت ژیان نەکوژرێت، شەرمەزاریان دەکەین بانگەوازیی گەڕانەوە بە بەها مرۆڤایەتییەکانیان لێدەکەین.

هەروەها ناڕەزایەتیی لە دژی دانانی قەیووم و سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان نیشان دا و وتی: دەست لە ئیرادەی خۆمان هەڵناگرین، با دەرچن لە وڵاتەکەمان، بە ئیرادەی خۆمان سەرکەوتین و ئەوانمان ناوێت.

گردبوونەوەکە بە وتنەوەی درووشمەکانی "ژن ژیان ئازادیی، ژن ژیانە ژیان مەکوژن، سێدارەمان ناوێت" کۆتایی پێ هات.