فەلەکناس ئوجا پەرلەمانتاری هەدەپەى ئێلح: ئێمە لە ئێوە و لە شایەتحاڵەکانتان ناترسین

ڕێگای گوندی ئاکومای پارێزگای ئێلح بە هاوکاریی پۆلیس و جەندرمە لەلایەن شایەتحاڵەکانەوە داخرا بۆ رێگریکردن لە سەردانی تەژا و هەدەپە بۆ ئەو گوندە، بەڵام رێگرییەکەیان بێ ئەنجام بوو. ئوجا لە ناو ژنانی گوندەکەدا وتی، "لە ئێوە و لە شایەتحاڵەکانتان ناترسین".

ڕێگای گوندی ئاکومای پارێزگای ئێلح بە هاوکاریی پۆلیس و جەندرمە لەلایەن شایەتحاڵەکانەوە داخرا بۆ رێگریکردن لە سەردانی تەژا و هەدەپە بۆ ئەو گوندە، بەڵام رێگرییەکەیان بێ ئەنجام بوو. فەلەکناس ئوجا لە ناو ژنانی گوندەکەدا وتی، "لە ئێوە و لە شایەتحاڵەکانتان ناترسین و بەردەوام دەبین لە تێکۆشانەکەمان".

بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژا / TJA) و ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە گوندی ئاکومای سەر بە پارێزگای ئێلح دەستیان بە چالاکییەکانیان کرد و لەگەڵ ژنان کۆبوونەوە. چالاکیی لە گوندی ئاکوما سەرەتای زنجیرە چالاکییەکانی هەدەپە و ژنان دەبێت لە پارێزگا و شار و ناوچە و گوندەکانی ئێلح.

پەرلەمانتاری هەدەپەی ئێلح فەلەکناس ئوجا، چالاکوانانی تەژا، ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتیی ئێلح، بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان لە لانکەى شارستانیەتدا (مەبیا – دەر / MEBYA-DER) ئامادەی چالاکییەکە بوون.

شاندەکە پێش کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیان خواستیان لەگەڵ ژناندا کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، بەڵام رێگای گوندەکە لەلایەن پۆلیس و جەندرمەى تورکەوە بە کەسانێک داخرا، کە پێیاندەوترێت شایەتحاڵەکان، شایەتحاڵەکان ئەو کەسانەن، کە دەوڵەت لە بەرامبەر پارەدا شایەتییان لە دژی چالاکوانان و ئەندامانی هەدەپە پێ دەدات. شایەتحاڵەکان بە دەم وتنەوەی دروشمی "دۆخێکی مەترسیدار هەیە" رێگاکەیان لە شاندەکە داخست و جەندەرمە و پۆلیسی دەوڵەتی تورکیش پاسەوانیی دەکردن.

زۆرێک لە ژنان و بەڕێوەبەرانی حیزبەکان، کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕاوەستێنران، گوێیان بە رێگری و لەمپەرەکان نەدا و لەمپەرەکانیان تێپەڕاند و لەگەڵ ئەو ژنانەدا کۆبوونەوە، کە لە گۆڕەپانی گوندەکەدا چاوەڕێی شاندەکەی تەژا و هەدەپە بوون.

هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی و لێدوانی شاندەکە لەلایەن پۆلیسەوە، بە وتنەوەى دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و هەلهەلە لێدان ئیدانە کرا و کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیان و کۆبوونەوەشیان لەگەڵ ژنانی گوندەکەدا رێکخست.

"ئێمە ناترسین"

فەلەکناس ئوجا پەرلەمانتاری هەدەپەى ئێلح لە ناو ژنانی گوندەکە و لە گۆڕەپانی گوندەکەدا وتەی پێشکەشکرد و کاردانەوەی بەرامبەر رێگرییەکان هەبوو و وتی: "ئێمەی ژنان جارێکیتر لێرەوە دووبارە پێیان رادەگەیەنینەوە، ئێمە نە لە ئێوە و نە لە شایەتحاڵەکانتان ناترسین. ئێمە سیاسەتە چەپەڵ و قێزەونەکانی ئێوە، کە هەوڵ دەدەن سزا و گەمارۆمان بەسەردا بسەپێنن قبوڵ ناکەین. ئێمەی ژنان بە بەردەوامیدان بە تێکۆشانمان لە دژی هەموو سیاسەتەکانتان و گوشارەکانتان درێژە بە تێکۆشان و مەراسیمەکانمان و چالاکییەکان و یادەکانمان دەدەین".

دوای کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە و پێشکەشکردنی وتەکان، لەگەڵ منداڵاندا چالاکیی بۆیاخکردن بەڕێوەچوو.

ژ.ت