ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە سلێمانی سلێمانی باشوری کوردستان ژمارەیک لە ژنانی ئەندام لە کەمپینی 'یەکڕیزیی ژنان دژی توندوتیژیی و داگیرکاریی' گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدا.
لە گردبوونەوەکەدا، ژنان لێداوانێکی هاوبەشیاندا و تیێدا؛ دژبەری خۆیان بەرامبەر بە (توندوتیژی دژی ژنان، داگیرکاری تورکیا، ڕێککەوتنی سەر شەنگال، شەڕی کورد بەکورد و سیناریۆ دورستکردن و بەخشیوەنەی تۆمەت بۆ تەڤگەری ئازدای کوزدستان بەڕابەریەتی پەکەکە) دەربڕی.
ژنان ڕایانگەیاند: ئامادەن لە پێناوی پاراستنی ژنان بەگشتی و ژنانی ئێزیدی بەتایبەتی، هەروەها بۆ بەرنگاربوونەوەی داگیرۆاری و ڕوونەدانی شەڕی کورد بەکورد، ئەوەی لە دەستیان بێت بیکەن و لەو پێناوەشدا ببنە قەڵغانی زیندوو.
تەواوی لێدوانەی ژنانی ئەندام لە کەمپینی 'یەکڕیزیی ژنان دژی توندوتیژیی و داگیرکاریی':
ئازادی ژنانی شەنگال سەرچاوەی ئازادبوونی ژنانە
بۆ ڕای گشتی؛
ئێمە وەك "كەمپینی یەكڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیركاری" ئەو هاوپەیمانیە شەرمەزار دەكەین كە لە نێوان پەدەكە و ئێراق و توركیا لە دژی خەڵكی شەنگال پیلان كراوە. پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ ژنانی ئێزیدی ئازادیخواز و تەواوی ئەو هێزانەی كە پشت بەئیرادەی خۆیان دەبەستن لە پاراستنی خاك و ناسنامەی خۆیاندا. هەروەها تەسلیمكردنی خاكەمان بەداگیركەران و هەڵگیرساندنی شەر لەسەر داخوازی دەولەتی توركیا شەرمەزار دەكەین و وەك ژنان رێگەنادەین بە شەڕی كورد بە كورد.
هەموو لایەك ئاگادارە گەلی كوردی ئێزیدی چەندین جار رووبەرووی فەرمان و كۆمەڵكوژی بوونەتەوە بەدەستی داگیركەران. لە ٣-٨-٢٠١٤ لە ئەنجامی هێرشی هۆڤانەی داعش بۆ سەر شەنگال لە ئەنجامدا شەش هەزار ئێزیدی بەپیاو و ژن و منداڵەوە بوون بەقوربان لەوانە ٣٥٠٠ ژن و كچی ئێزیدی عەبای رەش درا بەسەریاندا و زنجیریان كردە دەست و قاچیان و بەئەسیر لەلایەن داعشەوە ئەسیركران. تەواوی ئەو ژنانە دەستدرێژی كرایە سەریان و هەندێكیشیان بردنە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان و بازرگانیان پێوەكرا. لەوكاتەدا هێزی پێشمەرگەی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان و كەمێكیش هێزی سەربازی ئێراق هەبوون ئەم هێزانە بەرپرسیاربوون لە پاراستنی خەڵكەكە لە هێرشەكانی داعش، بەڵام ئەم هێزانە رایانكرد و شەنگالیان بەجێهێش. بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە هەرچەند رۆژ دوای ئەو رووداوە هێزی پاراستنی گەل و هێزی ژنان یەژاستار چوون بەهانای خەڵكی شەنگالەوە دواتریش شەرڤانان لە رۆژئاواوە هاتن و دەستیان بەرزگاركردنی شەنگال كرد هەتا ٢١-١٢-٢٠١٠ بەتەواوەتی شەنگال ئازادكراو ئەو خەڵكەی كە ڕای نەكردبوو لەسەر چیای شەنگال مابوونەوە ئەوانیش بەشداری رزگاركردنی شەنگالیان كرد بەبەردەوامی. لەگەڵ رزگاركردنی شارەكانی سووریا لە داعش ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی ئێزیدی ئازادكران، لەوكاتەوە هەتا ئێستا لە شەنگالدا هێزی پاراستن لە كچان و كوڕانی شەنگال دروستكران و سیستەمێكی ئیداری دیموكراتییانەی گەلیان دامەزراندووە و ئەگەرچی هەر پاش ماوەیەك توركیا هێزی بردە بەعشیقا و هەڕەشەی لەناوبردنی ئەو دەسكەوتانەی دەكرد. ئێستا لە شەنگالدا ژنان لەناو ئیدارەی شەنگالدا لەسەر بنەمای سیستەمی هاوسەرۆكایەتی پێشەنگایەتی بۆ كۆمەڵگا دەكەن و لەناو یەكینەی ژنانی شەنگال "یەژەشە" گەورەترین هێزی ژنانی شەنگالیان دروستكردووە و بەزمانی كوردی دەخوێنن و سەرەڕای یارمەتی نەدانی حكومەتی ئێراق و هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا لە بواری ئابووریشەوە خۆیان بەرێوەدەبەن. لەكاتی ئازادكردنی شەنگالدا ژمارەیەك هێزی پێشمەرگەی گەڕانەوە شەنگال بەڵام لە ١٦ی ئۆكتۆبەردا پێش ئەوەی یەك فیشەك بتەقێت جارێكی تر رایانكردەوە. لەوكاتەدا خەڵكی شەنگال سیستەمی خۆیان خراپ نەكرد و هێزی حەشدی شەعبی'یان قەبووڵ نەكرد بەڵكو بۆخۆیان خۆیان پاراست.
ژنانی ئازادیخواز و كەسانی دیموكراتخوازانی باشووری كوردستان؛
ئێمە وەك ژنان پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سیستەمی خۆبەرێوەبردنی دیموكراتییانەی ئێزیدیەكان دەردەبرین و بەدروشمی "ئازادی ژنانی شەنگال سەرچاوەی ئازادبوونی ژنانە" پێمان وایە تاكە ناوچەیەك لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و ئێراقدا كە ئازادە و گۆڕانكاری بنگەیی لە كۆمەڵگادا ئەنجامداوە و گەندەڵی تێدا نیە شەنگال'ە. ئێستا ئەو پیلانەی كەبەناوی پەیمانی بەغداد و هەولێر بەناوی دەكەن و دەیانەوێت بەزۆر هێز و ئیدارەیەكی تر داسەپێنن بەسەر شەنگالدا لەبنەمادا ئەو هاوپەیمانییە لەنێوان توركیا و پەدەكەدا سازكراوە، چونكە هێز و لایەنی بەشدار لەحكومەتی هەرێمی كوردستاندا و هێز و لایەنی حكومەتی ئێراق و هەردوو پەرلەمانی هەرێم و ئێراق بێ ئاگایی خۆیان لەو رێكەوتنە راگەیاند. ئاشكرایە ئەم هاوپەیمانییە بەمەبەستی پێكهێنانی پیلانەكانی داعشە. لە ئێستادا توركیا و داعش لە رێگەی هاوپەیمانەكانییانەوە دەخوازن كۆمەڵكوژییەكی تری ئێزیدیەكان ئەنجام بدەن. چونكە ئێزیدییەكان نەهێزی ئێراق و نەهێزی راكردوو پەسەند ناكەن و پێویستیان بەهیچ هێزێك نیە و بڕیاریان داوە خۆیان خۆیان بەرێوەببەن. پێداگری لەم هاوپەیمانییە بەواتای باڵادەستبوونی توركیایە لە هەرێمەكەدا لەگەڵ هێزی داعش و بەواتای كۆمەڵكوژییەكی تری ژنانە و هەڵسانی لافاوی خوێنە. نەك تەنها شەنگال داگیردەكرێت بەڵكو تەواوی باشووری كوردستان وێران دەبێت. لای هەموو كەسێك ئاشكرایە ئێستا هەرێمی كوردستان بەدەست داگیركاری سەربازی و ئابووری و كلتووری دەوڵەتی توركیاوە دەناڵێنێـت. بەڵام بەردەوام پاساو هێنانەوە بۆ ئەم هێرش و داگیركارییانە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و تاوانباركردنی هێزی شۆڕشگێری كوردان. ئەمانە گوزارەن لە بەرپاكردنی شەڕی كورد بە كورد لەسەر داخوازی دەوڵەتی توركیا. هەر بۆیە ئێمە وەك كەمپینی ژنان كەپێكهاتووین لە كۆمەڵێك رێكخراو و كەسایەتی و چالاكوانی ژنان لەدژی هەموو جۆرە داگیركاری و توندوتیژی و شەڕێك هەڵوێست دەردەبڕین و خۆمان دەكەینە قەڵغان لەپێناوی روونەدانی شەڕ و هەموو كۆمەڵكوژییەك. چۆن ژنان لە مێژوودا تا رۆژی ئەمڕۆ رۆڵیان گێراوە لە ئاشتەوایدا و بوونەتە بەربەست لەبەردەم هەموو شەڕ و پیلانگێڕییەك، ئێستاش داوا لە هەموو ژنان دەكەین وەرن بەیەكەوە بەرەنگاری شەڕ و رێكەوتنەكانی داگیركەران و توندوتیژییەكانی سەر ژنان ببینەوە. پێمان وایە ئەوەی قوربانی هەموو شەڕەكانە ژنانن و هەر بۆیە ژنانیش دەتوانن ببنە ئاستەنگ لەبەردەم شەڕەكان..
-بژی یەكریزی ژنان
-بژی ئیرادەی ئازادانەی ژنانی ئێزیدی
-نا بۆ هاوكاری داگیركەران و شەڕی نێوان كوردان
-ژن ژیان ئازادی
هـ.هـ