بە دیمەن

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی دەستی پێ کرد

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بەشداری زیاتر لە ٤٠٠ نوێنەر لە پارکی ئازادی شاری قامیشلۆ دەستی پێ کرد.

کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بەشداری زیاتر لە ٤٠٠ نوێنەر لە پارکی ئازادی شاری قامیشلۆ دەستی پێ کرد. لە ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور و ناوچەکانی دیکەی سوریا نوێنەری پارت و هێزە کوردی و کوردستانییەکان بەشدارن.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، فەرماندەی گشتی قەسەدە، مەزڵوم عەبدی قسە دەکات و نامەکان بۆ کۆنفرانسەکە دەخوێنرێنەوە.

بەرپرسی دۆسیەی سوریای دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، د. حەمید دەربەندی، وتەبێژی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی سکۆت بۆڵس، وتەبێژانی یەنەکە و دەم پارتی و کەنەکە قسەیان دەبێت.

پاشان دەقی ڕێککەوتنی نێوان هێز و پارتە کوردییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەخوێنرێتەوە و تاوتوێ دەکرێت. دوای گفتوگۆکان، دوایین فۆرمی ڕێککەوتنەکە پەسەند دەکرێت. کۆنفرانسەکە بە ئەنجامنامەیەک کۆتایی دێت.

هاوسەرۆکی پەیەدە پەروین یوسف، سکرتێری گشتی ئەنەکەسە محەمەد ئیسماعیل و ئیلهام ئەحمەد وەک بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە هەڵبژێردران.

دەیان دەزگای ڕاگەیاندنی کوردی و بیانی ڕووماڵی دەکەن.