کژار: ڕۆحی گەنجێتی خیانەت نییە، بەڵکو تۆڵەسەندنەوەیە

کژار بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو پشتگیری خۆی بۆ هەڵمەتی "کاتی تۆڵەسەندنەوەیە" ئاشکرا کرد، گوتی: "هەڵمەتی کاتی تۆڵەسەندنەوەیە، هەڵمەتی هەموومانە. دەتوانین بە تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانمان، خاوەنداری لە شۆڕشی ئازادی بکەین".

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) کژار بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو پشتگیری خۆی بۆ هەڵمەتی "کاتی تۆڵەسەندنەوەیە" ئاشکرا کرد کە لەلایەن کۆمەڵگەی ژنانی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژەجەرە) و کۆمەڵگەی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستا (کەجەرە) دەستی پێ کردووە.

کژار تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ژنان و گەنجان لە ناو کۆمەڵگەدا و پێشەنگایەتیکردنیان لە شۆڕش و سەرهەڵدانەکان، دەڵێت: "گەنجان هێز و پۆتێنشاڵی کۆمەڵگەکانن. ڕۆحی گەنجێتی، ڕۆحی سەرهەڵدان و بەرخۆدانە. کۆمەڵگەکان لەڕێگەی ژنان و گەنجانەوە بەهێزدەبن و ئازادی بەدەست دەهێنن. لە هەموو شۆڕشەکانی کوردستاندا ژنان و گەنجان هەمیشە هێزی پێشەنگ بوون. ئەمە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ـدا ئەوانەی بەردەوام تێدەکۆشن دیسانەوە، ژن و گەنجن. لە شەقامەکاندا گەنجان کە تاکە هێز و پاراستنیان، ئیرادە و عەشقی ئازادییان بوو، بە دڕندەترین شێوە لەلایەن ڕژێمی خوێنڕێژی ئێرانەوە کوژران. ژنان و گەنجان کە بە هەموو هێزیانەوە هاواریان دەکرد و داوای ئازادییان دەکرد، ئەشکەنجە و زیندانی کران. بە سەدان ژن و گەنج کە ژیانێکی ئازادیان دەویست، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە تۆمەتبار کران و لەپێش چاوی مرۆڤایەتیدا لە سێدارە دران".

کژار پشتیوانی بۆ هەڵمەتی "کاتی تۆڵەسەندنەوەیە" دەربڕی و ڕایگەیاند هەڵمەتی هەمووانە، دەڵێت: "بە تۆڵەسەندنەوەی شەهیدەکانمان، دەتوانین خاوەنداری لە شۆڕشی ئازادی بکەین. هەڵمەتی "کاتی تۆڵەسەندنەوەیە" لەلایەن کۆمەڵگەی ژنانی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژەجەرە) و کۆمەڵگەی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستا (کەجەرە) دەستی پێ کردووە، لەماوەیەکی کەمدا دەنگدانەوەیەکی مەزنی پەیدا کردووە و چالاکییەکی بەرفراوانی دەرخستووە. ئەمە دەریدەخات کە تەواوی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە هەر خانەیەکی جەستەیاندا هەست بە توڕەیی تۆڵەسەندنەوەی شەهیدەکانیان دەکەن. ڕژێمی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر ژنان و گەنجان. بۆ ترساندن و دوورکەوتنەوە لە تێکۆشان و بەرخۆدانی ئازادی، پەنا بۆ هەموو ڕێبازێکی دڕندانە دەبات. بەڵام ژنان و گەنجان و تەواوی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەنانەت بۆ ساتێکیش نەترسان و پاشەکشەیان نەکرد. سەرنەویکردن لەبەردەم ئەم ڕژێمە خوێنخوارە واتای خیانەتە لە خوێنی شەهیدان کە لەنێو شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" گیانی خۆیان کردە فیدای ئازادی و دیموکراسی. پێویستە وەک ژنان و گەنجان هەرگیز ئەم خیانەتە قبووڵ نەکەین. ڕۆحی گەنجێتی خیانەت نییە، بەڵکو تۆڵەسەندنەوەیە".

کژار ڕایدەگەیەنێت بۆ تۆڵەسەندنەوەی هەموو ئەو ژن و گەنجانەی بەدەستی قێزەونی دەسەڵات کوژراون، پشتگیری لە هەڵمەتی "کاتی تۆڵەسەندنەوەیە" دەکەن، دەڵێت: "لە هەموو گۆڕەپانەکان لەسەر ئەم بناغەیە خەبات و تێکۆشانمان بەهێزتر دەکەین. هەروەها بانگەواز لە تەواوی ژنان و گەنجان دەکەین بە هەموو هێزیانەوە بەشداری لەم هەڵمەتە بکەن و بە ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە بژین. بە تۆڵەسەندنەوە درێژە بە شۆڕشەکەمان دەدەن، ئازادیمان بەدەستدەهێنین و دەگەینە ژیانێکی شکۆدار".