کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی منداڵانی کرێکار و ئەشکەنجەدانیان ڕاگەیاند: "ئەوە نیشانەی لاوازی تێگەیشتنی، کولتووری و هاوکات سیاسەتی هەڵەی حکومەتی ئێرانە. ئاماژەی بە ڕووداوی توندوتێژیی و ئازاردانی منداڵانی کرد لە مەریوان و جەختیکردەوە، ئەوەی لە مەریوان ڕوویدا تەنیا بەشێکە لەو توندوتیژی و هەژارییە سیستماتیکانەی کە بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا سەپێنراون و هەوڵی ئەوە دەدەن نەوەی داهاتوو بچەوسێننەوە."
راگەیەندراوەکەی کەژار بەم شێوەیەیە:
"بەرز بوونەوەی ژمارەی منداڵانی کار و بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەریان نیشانەی سیاسەتی هەڵەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی چەوساندنەوە و توندوتێژی دژ بە منداڵان لەنێو منداڵانی کارێکاردا بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەمجارەیان لەمەریوان دەنگۆی لێکەوتەوە، ئەو منداڵانەی بەنرخی گیانیان نان دەکڕن و بەنرخێکی زۆر کەم هەموو شتێکی ژیانیان دەبەخشن.
هەروەها ناچار بە کارکردنی منداڵان تا چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەر ڕۆح و جەستەیان هەیە، بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی بنچینەیی بۆ ئەم کێشەیە بکەین کە سیستەمی گەندەڵ بۆ بڵاوبوونەوەی دۆخێکی لەو شێوەیە دروستیکردووە.
ئەو قوربانییە بچووکانەی کە بە درێژایی شەو و ڕۆژ سەرقاڵی کاری قورسن، هەتا بتوانن ئازارێک لە ئازارەکانی بنەماڵەکانیان کەم بکەنەوە، ئێستا بوونەتە ئازارێکی تر بۆ کۆمەڵگا. لەلایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەڕادەبەدەری ژمارەی منداڵانی کرێکار لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی بێکاری لەنێو توێژەکانی کۆمەڵگادا، کە بەداخەوە دەرئەنجامی زۆر وێرانکەری لەسەر کۆمەڵگا لێدەکەوێتەوە. بەکارهێنانی منداڵان بۆ کەمکردنەوەی هەژاری، لە ڕاستیدا بەواتای لاوازی تێگەیشتن و کولتووری و لە هەمان کاتدا سیاسەتی هەڵەی حکومەتە کە ناتوانێ دەرفەتی گونجاو بۆ گەشەکردنی منداڵان دابین بکات.
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە توندوتیژیی سیستماتیکی دەوڵەتی پیاوسالاری، سەرمایەداری و چەوسێنەرە کە لەلایەن یاساوە پارێزراوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە مرۆڤ تەنیا ئامرازێکە و توندوتیژی بەرامبەریان ڕەوایە!
هەژاری سیستماتیک بەرز بووەتەوە و ژنان و منداڵان وەک کرێکاری هەرزان زیاتر لە هەموو چینەکانی تر ڕەنج دەکێشن.
ئەوەی لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا له شاری مەریوان ڕوویدا له ڕاستیدا هەم تاوانە و هەم خیانەتێکه که له بەرامبەر ئێستا و داهاتووی ئەو منداڵانەدا ئەنجام دراوه و هەروەها لەلایەک جیاکاری سیستەمی پەروەردە و توندوتیژیی بنەماڵەیی و زیانە کۆمەلایەتییەکانە کە ناچاریان دەکات کار بکەن و لەلایەکی تریشەوە سەرەڕای ئەوەی لە منداڵییەوە لە هەموو شتێک بێبەش کراون، ژیانیشیان لە مەترسیدایە. لەجیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، حکومەت بەتەواوی کێشەکەی پشتگوێی خستووە و بەوشێوە ڕەوایەتی داوە بە توندوتێژی خاوەن کارەکان. دەرکەوتووە کە خاوەنکاری مەریوانی سەرەڕای توندوتیژی بەرامبەر بە هەر سێ شاگردەکەی، تووشی تاوانێکی قورس بووە بەڵام سزا نەدراوە!! ئەمەش ڕێک بەمانای هەماهەنگی نێوان سیاسەتەکانی ڕژێم و سیستەمی قازانج و سەرمایەیە. دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە ئەوەی لە مەریوان ڕوویدا تەنیا بەشێکە لەو توندوتیژی و هەژارییە سیستماتیکەیە کە بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا سەپێنراوە و هەوڵ دەدرێت ئیرادەی نەوەی داهاتووش بشکێنێ و بەچۆکیدا بێنێت.
لەبەر ئەوەی بارودۆخی منداڵان و داهاتوویان بەردەوام یەکێکە لە نیگەرانییەکانی کەژار، کەواتە لەدروستبوونی دۆخێکی لەو شێوەیە بەجددی کاردانەوە نیشان دەدەین و سەرەڕای شەرمەزار کردنی کردەوە توندوتێژییەکان هەوڵ دەدەین منداڵان لە کاری زۆرەملێ ڕزگار بکەین و ئەوەش بەبەشێک لە تێکۆشانی خۆمانی دەزانین و داوا لە چالاکوانان بەتایبەت بوارە جیاجیاکان و بواری منداڵان دەکەین بەشێوەیەکی جددی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتانە بکەن چونکە بارودۆخی ئێستای منداڵان کاریگەریەکی بەرفراوانی لەسەر داهاتووی کۆمەڵگا هەیە."