کەژەکە: لە دژی سزای لەسێدارەدان لە ئێران پەرە بە تێکۆشانی هاوبەش دەدەین

کەژەکە ناڕەزایەتی دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وەریشە مورادی نیشاندا و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران دەیەوێت لەسەر پێ بمێنێتەوە، دەبێت بە پێوەری دیموکراسی بجوڵێتەوە". داواشیی لە گەلان و ژنان کرد دژی سزای لەسێدارە پەرە بە تێکۆشان بدەن.

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەکانی ژنانی کوردستان (کەژەکە) سەبارەت بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وەریشە مورادی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەبارەت بە وەریشە مورادی کە ئابی ٢٠٢٣ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە رفێندرابوو و ئەشکەنجەی دژوار درابوو، بەر لە دوو رۆژ سزای لەسێدارەدران بڕاوەتەوە. ئێمە ئەو بڕیارە نایاساییە بە توندی رەتدەکەینەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، "وەریشە مورادی بۆ شەرمەزارکردنی لەسێدارەدان لە ئێران لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردبوو. دواتریش دەوڵەتی ئێران بە شێوەیەکی نایاسایی لە دژی ئەو بڕیاری لەسێدارەدانی دەرکرد. بەو بڕیارەوە دەوڵەتی ئێران ترسی خۆی لە بەشداری ژنان لە تێکۆشان نیشاندا. رژێمی ئێران کە دوژمنایەتی ژنان دەکات، بە سیاسەتی لەسێدارەدان دەیەوێت بەرخودانی ژنان تێکبشکێنێت. ئێمە ئەو سیاسەتانەی دوژمنایەتی لەگەڵ ژنان، لەسێدارەدان و قەدەغەکردنە کە دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دیموکراسیانە گەلان لەناودەبات، شەرمەزار دەکەین.

'ئەگەر ئێران دەیەوێت لەسەر پێ بمێنێتەوە، دەبێت بە گوێرە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بجوڵێتەوە'

لە کاتێکدا جیهان، بەتایبەتیش هەرێمەکەمان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە تۆپەڵێک ئاگر، پێداگری لەسەر راستی شەڕ بە کەڵکی گەلان نایات. شەڕ لە سەر دەسەڵات ژیانی لە هەرێمەکەمان سەروژێرکردووە. لەوەها دۆخێکدا پێداگری لەسەر کردەوەی نادیموکراتیکی دەوڵات، دوور لە عەقڵ و لۆژیکە. ئەو راستیە رەق، سارد و کوێرانەیەی عەقڵی نەتەوە دەوڵەت بەرپرسە لە گوشارخستنە سەر ژنان و گەلان. پێداگری لەسەر راستی نەتەوە دەوڵەت پێداگرییە لەسەر درێژەدان بە قەیرانە یاسایی، دیموکراتیک، سەربازی، ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان.

لە قۆناغێکدا کە گڕ لە شارەکان بەردەدرێت و کاول دەکرێن، وڵاتەکان لەبەریەک هەڵدەوەشێندرێنەوە و پارچە دەکرێن، لە هەموو تەمەنەکان مرۆڤەکان دەکوژرێن، کۆمەڵکوژی دژوار ئەنجام دەدرێت، پێداگری لەسەر سیاسەتی لەداردان بەکەڵکی هیچ هێزێک نایات. دەوڵەتی ئێران بە پێداگری لەسەر دوژمنایەتی ژنان، دوژمنایەتی بەرامبەر مافەکان و دیموکراسی ناتوانێت بگاتە هیچ شوێنێک. بەو کردەوانەی لە دەرەوەی مرۆڤایەتی دەیەوێت ژنان، گەلان چاوترسێن بکات، بەڵام دەبێت بزانێت کە ناتوانێت بگاتە ئەنجام. وەک دوێنێ لەمرۆشدا سەرباری سیاسەتی دوژمنکارانەی دەوڵەتان بەرامبەر بە دەوڵەتان، خۆڕاگری دەکەن. لەم بوارەدا ژنان هیچیان نییە تا لەدەستی بدەن. بەپێچەوانەوە، دەزانن کە بەرخودان دەتوانن جیهانێکی ئازاد بەدەستبهێنن. بەڵام دەسەڵاتداری باڵادەست کە دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان دەکەن زۆر شتیان هەیە کە بە سیاسەتی لەسێدارە و چەوساندنەوە لەدەستی بدەن. لەبەر ئەوە دەنگی دەهۆڵی شەڕ بۆ ئێرانیش لەم کاتەدا بە بەرزی دەبیسترێت و ئەگەر دەوڵەتی ئێران دەیەوێت لەسەر پێ خۆی رابگرێت دەبێت بە گوێرەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بجوڵێتەوە. گوشار، سێدارە، ئەشکەنجە و دەستبەسەرداگرتنی ماف و ئازادییەکان ئێران بەهێز ناکات، بەپێچەوانەوە هۆکارو مایەی سازکردنی سەرجەم کێشە کۆمەڵایەتیەکانە.

'دەبێت بڕیارەکە دەستبەجێ هەڵبوەشێندرێتەوە، زیندانیان ئازاد بکرێن'

وەک کەژەکە ئێمە دەڵێین، دەبێت دەوڵەتی ئێران بەر لەوەی درەنگ بێت ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە، زیندانیانی خۆڕاگر دەستبەجێ ئازاد بکات، گوێ بۆ داواکاری هێزە ئیتنیکی، کۆمەڵایەتییەکان رابگرێت کە داوای مافەکانیان دەکەن، ئەگینا لەبەرامبەر تێکۆشانی ژناندا شکست دەهێنێت و دەیدۆڕێنێت.

'ئێمە هەڵوێست دەگرینەبەر، پەرە بە تێکۆشانی هاوبەش دەدەین'

بەم بۆنەوە ئێمە سڵاو ئاراستەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی و سەرجەم خۆڕاگرانی ئازادی دەکەین کە بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە. ئێمە داوا لە گەلان، لایەنە دیموکراتیکەکان، هێزەکانی ژنان، کەسایەتیەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئێران لە دژی ژنان، لە بەرامبەر سیاسەتی ئەشکەنجەکار و کودەتاچی هەڵوێست نیشان بدەن و تێکۆشانی هاوبەش پەرەپێبدەن. بەتایبەتی ژنانی کوردستانی ئێمە داوا لە هەموو رێکخراوەکانی ژنان دەکەین کە بە چالاکی یەکانیان دەنگی خۆیان بگەیەننە ئەو ژنانەی لە زیندانەکان بە دژواری ئەشکەنجە دەدرێن، بە سزای لەسێدارەدان هەوڵ دەدرێت بێدەنگ بکرێن و ناچار بە خۆبەدەستوەدان بکرێن".