لە ٤٥ رۆژدا ٢٣ ژن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون
لە نەورۆزی ئەمساڵەوە، لانیکەم ٢٣ ژن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هاوسەر، باوک، برا و کوڕەکانیان یاخود لەلاین پیاوانی دیکەوە کوژراون.
لە نەورۆزی ئەمساڵەوە، لانیکەم ٢٣ ژن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هاوسەر، باوک، برا و کوڕەکانیان یاخود لەلاین پیاوانی دیکەوە کوژراون.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیعتماد کە پشتی بە ئامارە فەرمییەکان بەستووە، لە ٢١ی ئادار تا ٤ی ئایار واتە لە نێوان ٤٥ رۆژدا لانیکەم ٢٣ ژن لەلایەن هاوسەر، باوک، برا، کوڕ و یاخود خوازبێنیکارانی پێشوویانەوە کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارە لەو ماوەیەدا لە تاران ٤، لە مەشهەد ٣، لە تەورێز ٢ و لە ورمێش ٢ ژن کوژراون.
هەروەها لە هەر یەک لە شارەکانی بوشەهر، تاڵش، جویبار، سمنان، ئابادان، ئەلشتەر، ئەهواز، بەردسکەن، خومەین، فەلاوەرجان، سنە و سەبزەواریش یەک ژن کوژراوە.
کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف، ناکۆکی خێزانی، رەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری و هەروەها ئەوەی ژنان نەچوونە ژێر باری رازیبوون بە هاوسەرگیری دووەمی هاوسەرەکەیان، لە هۆکارە سەرەکیەکانی کوژرانی ئەو ژنانەن.
تاهیرە تاڵەقانی توێژەری ئیسلامی سەبارەت بە هۆکاری بەردەوامی کوستنی ژنان بە رۆژنامەکەی وتووە، نەبوونی یاسایەک کە بەتەواوتی پارێزگاری و پشتیوانی لە ژنان بکات، فاکتەری سەرەکیە لە زیادبوون و بەردەوامی تاوانی کوشتنە لە دژی ژنان.
هەر لەو ماوەیەدا دوو پیاویش لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە و بەهۆیەوە پیاوێک کوژراوە و پیاوێک چاوی لەدەستداوە.
هـ . ب