لە مانگی نیسان دا بەلانیکەمەوە لە تورکیا ١٦ ژن کوژراون

پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان ڕادەگرین (کەجەدەپە - KCDP) رایگەیاند، لە مانگی نیسان دا بەلانیکەمەوە ١٦ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و ١٤ ژنی تریش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

بەپێی راپۆرتەکەى کەجەدەپە لە مانگی نیساندا ٨ ژن لەلایەن ئەو پیاوانەوە هاوسەرگیرییان لەگەڵ کردوون کوژراون و بە گشتی ١٦ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. ئەوانەش ٧ یان لە ناو ماڵدا، ٢ کەسیان لەسەر شەقامەکاندا، ١ کەسیان لە بالەکۆندا، ١ کەسی تریان لە چۆڵەوانیدا، ١ کەسی تریان لە ئۆتێل دا، ٢ کەسیان لە شوێنی دەرەوەی ئاوەدانی و ١ کەسی تریان لە کاتی چوونە شوقەکەیدا کوژراون.

هەروەها لە مانگی نیساندا ١٤ ژنی تر بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "هۆکاری کوشتنی ١١ ژن روون نەبووەتەوە، توندوتیژیی سەر ژنان و کوشتاری سەر ژنان وەک ئەوەى هیچ نەبوو بێت سەیر کراوە. تەنانەت کوشتنی ژنان لەلایەن چ کەسێکەوە روویداوە، ئەوەش دەستنیشان نەکراوە. تەنانەت تۆمەتباران، تاوانباران و بکوژان بە شێوەی دادپەروەرانە دادگایی ناکرێن، هیچ کارێک بۆ رێگریکردن لە کوشتنی ژنان ئەنجام نادرێت، لەبەر ئەوانەش ئەو توندوتیژییە ئاستەکەى زیاتر و بەردەوامیش دەبێت".

کەجەدەپە لە راپۆرتی پێشووتریدا رایگەیاندبوو، لە مانگی ئاداردا ٢٨ ژن کوژراون و ١٩ ژنی تریش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە. بەپێی راپۆرتی ساڵانەی ئەو پلاتفۆرمە ساڵی ٢٠٢٠ لە تورکیا ٣٠٠ ژن کوژراون و و ١٧١ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

ژ.ت