لێدوانی کەژار بە بۆنەی ٢٥ نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی دژ بە ژنان

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بە بۆنەى ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیی دژ بە ژنان بڵاوکردەوە.

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بە بۆنەى ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیی دژ بە ژنان بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەژار

لێدوانی کەژار بە بۆنەی ٢٥ نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی دژ بە ژنان

توند و تیژی بەرامبەر بە ژن بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتداری هەبووە و لە راستیدا بە داگیرکردنی جەستەی ژن دەسەڵاتداری توانی بناغەی خۆی ساغڵەم بکات. لە دژی ئەمەش ژنان لە مێژووداهەمبەر ئەو توند و تیژییانەی لە بەرامبەریان بەرێوە چووە تێکۆشینیان کردووە و هیچ کاتێک خۆیان رادەستی چارەنووسی داسەپاو بە سەریاندا نەکردووە. ئەو تێکۆشینە بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتداری هەر بەردەوام بووە و هەموو شێوازەکانی زەخت و زۆری عەقڵییەتی پیاوسالار و سەرکوتکەر نەیتوانیوە چۆک بە ژناندا بهێنێ.

توند و تیژی بەرامبەر بە ژن بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتداری هەبووە و لە راستیدا بە داگیرکردنی جەستەی ژن دەسەڵاتداری توانی بناغەی خۆی ساغڵەم بکات. لە دژی ئەمەش ژنان لە مێژووداهەمبەر ئەو توند و تیژییانەی لە بەرامبەریان بەرێوە چووە تێکۆشینیان کردووە و هیچ کاتێک خۆیان رادەستی چارەنووسی داسەپاو بە سەریاندا نەکردووە. ئەو تێکۆشینە بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتداری هەر بەردەوام بووە و هەموو شێوازەکانی زەخت و زۆری عەقڵییەتی پیاوسالار و سەرکوتکەر نەیتوانیوە چۆک بە ژناندا بهێنێ.

ژنان بۆ گەشتن بە مافە ئینسانییەکانیان بوێرانە هەنگاویان هەڵهێناوە و لەم رێگەدا تەنانەت گیانی خۆشیان فیدا کردووە. نموونەی ئەو ژنە بوێر و قارەمانانەی کە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد دژی زوڵم و زۆرداری سەریان هەڵداوە لە مێژوودا زۆرە. خوشکانی میرابێل نموونەی ئەو ژنانەن کە دژی دیکتاتۆری تێکۆشینیان کرد و لەم رێگەدا بە شێوازێکی هۆڤانە ئەشکەنجە دران و کوژران.

ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەم رۆژە ئەکەینەوە کە ئەو عەقڵییەتە تا ئێستاش بە شێوازێکی بەرچاو بەردەوام ئەکات. ئەبێ کە لە هەر وڵاتێک شێوازێکی جیاوازی هەبێت، بەڵام لە یەک عەقڵییەت سەرچاوە ئەگرێت کە ئەویش عەقڵییەتی پیاوسالاری و رەگەزپەرەستە کە ژن وەک رەگەزی بندەست ئەبینێ کە ئەتوانێت بە چ شێوازێک بیهەوێت لەگەڵیدا هەڵسوکەوت بکات. رادەی بەرزی کوشتنی ژنان لە بن ناوی ناموس، دەستدرێژی، هاوسەرگیری لە تەمەنی بچوک، حیجابی زۆرەملێ، لێدانی فیزیکی و هەڕەشەی کوشتن، بە کارهێنانی ژنان وەک کۆیلەیەکی جنسی و ئامرازی رێکلام، ئەسید رژاندن، سونەت کردن ،رەجم، زیندان و لە سێدارە دان و ... بەشێکن لەو شێوازە توند و تیژییانەی کە ژنان رووبەڕوویان ئەبنەوە.

راستە کە بە هەوڵدان و تێکۆشینی ژنانی تێکۆشەر وەک رۆزا لۆکزامبورگ، کلارا زێتکین، ئۆلەمپیا دێگوێس و هەزاران ژنی بوێر هەندێک مافی یاسایی لە وڵاتانی رۆژاوایی بۆ ژنان مسۆگەر کراوە. بەڵام تا کاتێک گۆڕانکاری لە زیهنییەتی کۆمەڵگادا دروست نەبێت، هیچ یاسایەک ناتوانێت ژنان لە توند و تیژی بپارێزێت. سەلمێنەری ئەم راستییەش ئاستی بەرزی توند و تیژی دژی ژنان لە کاتی دروستبوونی کۆرۆنا لە هەموو جیهان دا بوو کە کاردانەوەی جیهانی لێ کەوتەوە. هێشتاش ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک بەشێک لە موڵک و دارایی پیاوان ئەبینرێن کە چۆنیان بوێ وەها بە کاریان دێنن. لە سەدەی ٢١ دا زیهنییەتی دەسەڵاتدار و دژە ژن لە بن ناوی داعش دا ژنیان لە بازاڕەکانیاندا فرۆشت و لە بن ناوی پێکهێنانی دینی ئیسلامدا بەردباران( رەجم ) کرد. کە واتە تا سڕینەوەی بە تەواوەتی ئەو عەقڵییەتە و تا گەشتن بە پێگەیەکی راستین بۆ ژن تێکۆشینی ئێمەی ژنان هەر ئەبێ بەردەوام بێت.

ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەستەبەر کردنی ژیانێکی ئینسانی و بۆ گەشتن بە مافە رەواکانیان هەمیشە لە ناو تێکۆشاندا بوونە و لەم پێناوەدا فیداکاری بێ وێنەیان نواندووە و زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە قەت ئیرادە و بڕوای ژنانی کەم نەکردووەتەوە. رژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە راستی دژەژنی خۆی ئاشکرا کرد، ئەوڕۆ لە بەر ئەوەی بیری رزگاریخوازی ژنان لە کۆمەڵگادا بڵاو نەبێتەوە هەموو هەوڵی خۆی بۆ رەش کردنی سیمای ژنانی تێکۆشەر دەدات و بە هەموو شێوازەکان هەوڵ ئەدات کە ئیرادەی ئازادیخوازی ژن بشکێنێت. لەم پێناوەدا هەموو شێوازەکانی توند و تیژی سیستەماتیکی خۆی دژی کۆمەڵگا و ژنان بە کار دێنێت.

لە کوردستان بە پێشەنگی ژنانی وەک سارا، بەسێ، بێریڤان، زیلان، بێریتان و هەزاران ژنی پێشەنگ لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تێکۆشینی ژنان هەڵدرایەوە  کە بوو بە هیوایەک بۆ هەموو ژنانی جیهان و لە ئەنجامی ئەو تێکۆشینەدا لە هەموو وڵاتانەوە ژنان بۆ ئاوا کردنی ژیانی ئازاد روو لە تێکۆشینی ئازادی ژنانی کورد ئەکەن. لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژنانی وەک زیلان پەپولە، زیلان سەردەشت، بەرفین چیلچەمە، شیرین عەلەم هولی و سەدان ژنی شۆڕشگێڕ، ژیان کردن لە سەر خەتی ژنی ئازادیان هەڵبژارد و قەت بە ژیانێکی بێ نرخ رازی نەبوون و رادەستی عەقڵییەتی پیاوسالار نەبوون.

زیندانی کردنی ژنانی چالاکڤان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی ژنانی زیندانی، ئێعدامی ژنانی چالاکڤانی سیاسی لە بن ناوی دژایەتی لەگەڵ خودا، رەش کردنی کەسایەتی ژنانی چالاکڤان بەشێکن لەو کردارە دژە ژنانەی کە کۆماری ئیسلامی پێکیان دێنێت. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەمەش ئەشکەنجەی هەمەلایەنەیە کە لە دژی ژنانی وەک نەسرین ستودە، ئاتێنا دائیمی، گۆڵڕۆخ ئیرایی، نەرگس موحەممەدی و ژنە زیندانی کورد زەینەب جەلالیان پێک دێت تا ئیرادەی ئەم ژنە خۆڕاگرانە تێک بشکێنن.

لە رەوشێکی وەهادا تاکە رێگەی راوەستاندنی ئەم کردارە دژە مرۆییانەی کۆماری ئیسلامی یەکگرتنی ژنان و خەباتی هاوبەشە. ئێمەی ژنان وەک پێشەنگانی کۆمەڵگا ئەتوانین بە ئاواکردنی زیهنییەتێکی راست و بڵاو کردنەوەی ئەم زیهنییەتە لە کۆمەڵگادا، تاکەکانی کۆمەڵگاش وشیار بکەینەوە و بەو شێوازە توند و تیژییەک کە سەرچاوە لە دەوڵەتەوە ئەگرێت و لە عەقڵییەتی تاکەکانی کۆمەڵگادا بەجێ کراوە نەهێڵین و بەو شێوازە هەنگاو بەرەو ئاوا کردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد هەڵبێنین.

ئێمە وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان( کەژار) بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای ئێران و بە تایبەت رەوشێک کە ژن تێدایە هەڵمەتێکمان لە ژێر ناوی "لە دژی سێدارە و قڕ کردنی ژن، کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە" دەست پێ کرد.ئەم هەڵمەتە لە لایەن ژنان و ئازادیخوازانەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کرا. بەڵام پێویستە بە رۆحێکی یەکگرتوو ئێمەی ژن پاراستنی ژیانی ئازاد بکەینە بنەمای تێکۆشینەکانمان. داگیرکەری لەعەقڵییەتی پیاوسالاری سەرچاوە ئەگرێت کە دەوڵەتی ئاوا کردووە، هەربۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم عەقڵییەتە پێویستی بە یەکگرتنێکی بەهێز و تێکۆشینێکی هاوبەش هەیە. لە هەر جێیەک ژنی ئازاد هەبێت مسۆگەر لەوێ داگیرکەری و زۆرداری پێش ناکەوێت.

لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی دژی ژنان پێویستە بتوانین ئەو رۆحی خۆڕاگرییەی کە لە خوشکانی میرابێل و هەموو ژنانی قارەمانی مێژووەوە وەک میراسێک بۆمان ماوەتەوە زیندوو بهێڵین و لە کامە نەتەوە و ئایین بین، بتوانین جیاوازییەکان بکەینە بناغەی تێکۆشینێکی بەهێز وهاوبەش.

لە کۆتاییدا وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە پێواژۆیەکدا کە بە پیلانی داگیرکەران هەوڵ ئەدرێت شەڕی ناوخۆیی لە ناو کورددا پێش بخەن، بانگەوازی لە هەموو ژنانی کورد ئەکەین وەک پێشەنگانی کۆمەڵگا بە یەکگرتن و یەک هەڵوێستی پیلانی داگیرکەران پووچەڵ بکەینەوە و بەرەو یەکیەتی نەتەوەیی هەنگاو هەڵبێنین. هەروەها بانگەوازی لە هەموو ژنان، چالاکانی مافی ژن، فێمێنیست و هەموو ژنان بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو جیهان ئەکەین کە بە یەکگرتن و خەباتی هاوبەش ژنێکی ئازاد، کۆمەڵگایەکی ئازاد و ژیانێکی ئازاد و بە دوور لە توند و تیژی، سێدارە و قڕ کردن ئاوا بکەین.

ژ.ت