نوژین بێریتان: تەنیا بە بڕیاری ژنان ژن ئازاد دەبێت

نوژین بێریتان ئەندامی مەجلسی پەژاک لەبارەی دۆخی ژنان و دۆخی ژنانی ئەفغانستان رایگەیاند، تەنیا بە بڕیاری ژنان ژن ئازاد دەبێت.

نوژین بێریتان ئەندامی مەجلسی پژاک لە ڕێپۆرتاژێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) سڵاوی ئاراستەی تێکۆشانی ژنانی ئەفغانستان کرد و گوتی: سەرەتا دا سڵاو و ڕێزی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو ژنان و لاوان دەکەین، کە لە بەرامبەر هێرشەکانی تاڵیبان و زلهێزەکانی دنیا سەریان خوار نەکردووە و بەردەوام تێکوشانیان کردووە. ئێمە وەکوو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار / KJAR)  پشتیوانی تێکۆشانی بێ وچانی ژنانی ئەفغانستانین و پێی سەربەرزین کە بەردەوام لە دژی زوڵم شەقامیان هەڵبژاردووە. ئێمە سۆزی ئەوە دەدەین کە لە هەموو دەرفەتەکانمان لە ئاستی کوردستان و دنیا بۆ هەر جۆرە هاوکاری لەگەڵ گەلان ئامادەین و تێکۆشانمان لەو هێڵە دا بەردەوام دەکەین.

کەس نابێت چاوپۆشی لەم هێرشانە بکا بۆ سەر ژنان

نوژین بێریتان داوای هاوکاریی لە هێزە ئازادیخوازەکان و گەلان دەکات و دەڵێت: داوامان لە هەموو گەلان و هێزە ئازایخوازەکان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و باوەرمەندە ئایینەکان ئەوەیە، کە هاوکاری تێکۆشانی گەلی ئەفغانستان بن چاویان لە بەرامبەر ئەم هێرش و پیلانگێڕییانە نەگرن و شەرمەزاری بکەن. بێگومان هەدەفی زلهێزەکانی دنیا لە دەرخستنی گەل لە ئەفغانستان هاوکاری نییە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی سیستەمی سەرمایە و بۆ بەدەستهێنانی کرێکاری هەرزان ئەم کارە دەکەن و لە سەرەتا دا هەموو ناسنامە و کەسایەتی ئینسانەکان داگیر دەکەن و تێکی دەشکێنن هەر بۆیە دەبێ شەقام وەکوو مەیدانی تێکۆشان هەر بەردەوام بپارێزرێت.

دەوڵەتان مافی بڕیار گرتنیان بۆ ژنان نیە

ئەندامی مەجلیسی پژاک جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کە هەڵاتن چارەسەری نیە و دەست نیشانی کرد: ژنانی کورد لە گشت هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین و دنیا دا بوون بە هێمای تێکۆشان و ژنانی ئەفغان دەبێت ئەمە بۆ خۆیان بە بنەما بگرن، دەبێت خۆیان رێکخستن بکەن و چیاکان هەڵبژێرن و سەنگەری شەڕ ئاوا بکەن هەتا مافەکانیان بە دەست بهێنن. نابێ چاوی هیچ کەس لە زلهێزەکانی دنیا و دەوڵەتانی هەرێم بێ و بە هێچ شێوازێک هەڵاتن لە وڵات نابێت بە چارەسەری. لە هەمان کات دا داوامان لە ژنانی ئێران ئەوەیە، کە بەشداری تێکۆشانی ژنانی کورد بن چونکە لە هاتنە سەر کاری داگیرکەری ئیسلامی ئێران هەتا ئێستا بەردەوام تێکۆشانمان بۆ بە دەستهێنانی ئازادی و مافەکانمان هەبوە و هەر دەشبێت، هەربۆیە پێویستە دەست بدەینە دەستی یەک و هاوکاری ژنانی ئەفغانستان بین و نەهێڵین کە داگیرکەری ئەمریکا و عەرەبستان بڕیار لەسەر ژیانیان بگرن، بەڵکوو دەبێت لە ڕێگای سمینار، کۆبوونەوە، خۆپشاندان و خەباتی بێوچانی ڕۆشنبیری و سیاسی بڕیار بۆ خۆیان بگرن چون تەنیا ژنانن کە دەتوانن بڕیاری ئازادی بۆ خۆیان بدەن.

تاکە رێگا بۆ رزگاری پاراستنی گەوهەرینی کۆمەڵگەیە

نوژین بێریتان لە کۆتایی گوتەکانی دا دەست نیشانی کرد کە تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاری پاراستنی گەوهەرینی کۆمەڵگایە و وەهای گوت: رەوشێک، کە ئێستا ژنانی ئەفغانستان لە ناویدا دەژین لە پێشی هەموو ئەو ژنانەیە کە لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا ژیان دەکەن و تاکە ڕێگا چارەسەری تێکۆشانە، هەڵبژاردنی چیا، گوند و شەڕکردنە لە دژی ئەو زێهنیەتەی کە ئێستا لە تاڵیبان دا حاکمە. ژنان دەبێت  ٤٠ ساڵ تێکۆشانی ژنانی کورد و بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ خۆیان ئەساس بگرن کە بە سەرکەوتووانە لە دژی داعش و هەموو هێزە داگیرکەرەکان بەسەر کەوت. ئێمە لەم باروایەداین کە هیچ دەوڵەتێک ناتوانێ پاراستنی ژنان بکا و تاکە رێگا پاراستنی ڕەوایە و پێویستە گەل بە هێزی خۆی، خۆی بپارێزێت. جارێکی دیکە وەکوو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری ڕێز بۆ تێکۆشانی ژنان دادەنەوێنێن و سۆزی تێکۆشانمان دووبارە دەکەینەوە.

ژ.ت