ناوەندی لێکۆڵینەوەی تورکیا (CEFTUS) لە پەرلەمانی بەریتانیا پانێڵێکی بەناونیشانی 'پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان و چاوەڕوانییەکان لە ئایندە' ئەنجامدا.
پەرلەمانتاری دەم پارتی و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، مەتحەد سانجار، سەرۆکی پێشووی شارەوانی دێرسیم، نورحەیات ئاڵتون کە بەم دواییە لە زیندان ئازادکراوە، و پەرلەمانتاری پارتی دەڤا محەمەد ئەمین ئەکمەن وەک قسەکەر بەشداریی پانێڵەکە بوون.
پانێڵەکە لە لۆرد ماتیۆ ئێلیۆت بەڕێوەچوو و بەشێکی زۆر لە کاسایەتی نووسەر، ئاکادیمیست و سیاسەتمەدار تێدا بەشدار بوون.
سەزگین تانرکولو پەرلەمانتاری جەهەپە و غالیپ ئەنساریۆ ئۆغڵو پەرلەمانتاری ئاکەپە، کە پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە بەشداری دەکەن، بەڵام بە هۆکاری جیاواز بەشدارییان نەکرد.
پرۆفیسۆر دکتۆر مەتحەد سانجار باسی لەو پڕۆسەیەی کرد کە لە ١ی تشرینی یەکەم بە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی دەستی پێکرد و لە ٢٧ی شوبات بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک'ی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام بوو.
مەتحەد سانجار باسی لەسەر جیاوازی پرۆسەکە کرد بە نیسبەت ئەو پرۆسانەی شەڕ و ئاشتی کە تا ئێستا لە جیهاندا ڕوویانداوە و وتی: "ئەستەمە ئێستا ناوێک لە پرۆسەکە بنێین، وردە وردە گفتوگۆەکان ڕوون دەبنەوە. بەو پێیەی پرۆسەکە جیاوازە لەو پرۆسانەی کە پێشتر لە جیهاندا ڕوویانداوە چونکوو لێکەوتەی گرنگی هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئەرکی جێبەجێکردنی چارەسەری و ئاشتی بە ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕەپانی سیاسی سپێردراوە."
'دەبێت پەکەکە بتوانێت لەگەڵ ڕێبەرەکەی لە پەیوەندیدا بێت'
سانجار بە بیری هێنایەوە کە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەناونیشانی 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک' و وتی: "پێش هەموو شتێک پەکەکە چەک دادەنێ و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، باشە کێ ئەم ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکە لەلایەن کێیەوە بنیات دەنرێت؟ ئەوکات ئەکتەر و موخاتەبی سەرەکی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان و هەموو کۆمەڵگایە. بەم شێوەیە زۆربەی ناوەندەکان کە تا ئێستا خۆیان وەک ئەکتەری سەرەکی نەدەبینی و بە بەرپرسیارێتی سەرەکی مامەڵەیان نەکرد، بە جارێک بە ناچاری ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی ئەم پرسە بوونەوە."
هەروەها سانجار ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت، وەک نموونەیەک دەچێتە مێژووی پڕۆسەکانی ئاشتی و چارەسەری جیهانەوە و وتی: "بۆ ئەوەی پەکەکە بڕیاری چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات، دەبێت کۆنگرەی خۆی ببەستێت، بۆ ئەوەی کۆنگرەی خۆی بەئەنجام بگەیەنێت، دەیەوێت لەگەڵ رێبەرەکەی لە پەیوەندیدا بێت و ئەمەش زۆر ئاساییە."
'دەبێت هەلومەرجی گونجا بڕەخسێندرێت'
سانجاڕ سەرەنجی دایەسەر بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و وتی: " بۆ چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە هەندێ کار هەیە کە دەبێت بکرێت. دوای چوونە ناو قۆناغێکی وەها گرنگەوە، لە ئێستا بەدواوە تێپەڕاندنی ئەو مەرجانە لەم قۆناغەدا زەحمەت نییە. دەبێت مەرجەکان بەو پێیە ئامادە بکرێن. و ئەمەش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و دەوڵەت."
'پرۆژەی ئاشتی کورد گرنگە'
سانجاڕ وتی: "تێکۆشانی سیاسی دیموکراتیک دەبێت ببێتە دینامیکی بنەڕەتی ئاشتی، واتە ئاشتی بەردەوام بێت. ئاشتی کورد گرنگە. بێگومان زەحمەتی و ئاستەنگی بە پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا ڕوودەدەن. لاقێکی لە سووریایە، لاقەکەی تری لە هاوسەنگییە سیاسییە ناوخۆییەکانی تورکیادایە. کۆمەڵێک هێز و کەسانی ناوخۆیی و دەرەکیش هەن کە دەیانەوێت ئەمە تێکبدەن. بۆ ئەوەی ئەمانە بێکاریگەر بکرێن و بەربەستەکان لاببرێن، پێویستە پرۆسەکە بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕەوایەتی دیموکراتیکبوونی زیاد بکرێت."
پارتی دەڤا: ئێمە پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەین
هەروەها پەرلەمانتاری پارتی دەڤا، محەمەد ئەمین ئەکمەن، بەناونیشانی 'چوارچێوەی سیاسی و یاسایی بۆ چارەسەری شەڕ' وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە پارتی دەڤا بە دروستی دەزانێت کە کەڵک لە دەرفەتەکانی چارەسەری بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری وەربگرێت و پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو پرۆسەیە نوێیە جیاوازە لەو ١٣پرۆسەیەی پێشوو کە دەوڵەت هەوڵی بۆ داوە و ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ڕۆڵی باخچەلی و ڕووداوە ناوخۆییەکان، پرۆسەی ئێستا دەتوانێت ئەنجامێکی گەورەتر لە هەوڵدانەکانی پێشووی لێبکەوێتەوە.
هەروەها ئەکمەن رایگەیاندکە پێویستە هۆکاری بنەڕەتی توندوتیژی کۆتایی بێت و وتی: "هەتا ڕەگی هۆکارەکان هەبن، تەنانەت ئەگەر ڕێکخراوەکەش هەڵوەشێتەوە، هەمیشە نیگەرانی ئەوە دەبێت کە ڕێکخراوێکی دیکە جێگەی بگرێتەوە بۆیە گرنگی چوارچێوەیەکی سیاسی و یاسایی زۆر پێویستە. هەروەها هەوڵەکانی باخچەلی لە پرۆسەکەدا جێگای ڕێزە."
ئەرکی پەرلەمان
ئەکمەن ئاماژەی بەوەدا یەکێک لە تایبەتمەندی گرنگی پڕۆسەکە ئەوەیە جگە لە پارتێکی سیاسی پەرلەمان پارتەکانی دیکەش لە ئاستێکی جیاوازدا پشتگیری پڕۆسەکە دەکەن. ئەکمەن ئاماژەی بەوەدا متمانە و ڕەوابوونی پڕۆسەکە لەگەڵ ئەردۆگان و باخچەلییدا پێشنکەوتووە و دەم پارتیش لە ١ی تشرینی یەکەمەوە وەک پارتێکی نێوەندگیری ئەرکی خۆی بە سەرکەوتووی جێبەجێ کردوە.
ئەکمەن سەرنجی خستەسەر گرنگی چوارچێوەی سیاسی پڕۆسەکە و ڕۆڵی پەرلەمانی بیرهێنایەوە و ئاماژەی بەوەشدا لە پڕۆسەیەکی بەمجۆرەدا ئەرکی جیاواز دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمان و گوتی: "یەکەم دەبێت پەیوەست بە بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە بۆ یاسا و پێکهێنەران هەندێک گەرەنتی یاسایی دابین بکرێت. دووەمیان جێبەجێکردنی چوارچێوەیەکی یاساییە پەیوەست بە تەسفیەکردنی کادیرانی ڕێکخراوەکە بەپێی یاسای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە. سێیەم ئەوەیە دەبێت پەیوەست بە یاسا و دەستوور سەرڕاستکردنەوەی گۆڕەپانەکانی سیاسی و دیموکراتیک و ماف و ئازادییەکان زیاد بکرێت، جێبەجێ بکرێت."
نورحەیات ئاڵتون: سیستەمێکی نوێمان بونیاتنا
هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی دێرسیم نورحەیات ئاڵتون ئاماژەی بەوەدا شەڕوپێکدانانە چەکدارییەکان جگە لەوەی زیانی ماددی و مەعنەوی لێدەکەوێتەوە، لە هەمانکاتدا زیانێکی زۆر گەورە لە بەها کۆمەڵگەییەکان دەدات و هەروەها باسی لە نزیکایەتی تەڤگەری سیاسی کورد لە بەرانبەر ئیدارە ناوخۆییەکان کرد و گوتی: "ئێمە لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی ناوخۆییدا لە پرۆسەکانی ململانێدا تاوەکو نکۆڵیکردن و لە تێکۆشانەکان کە بۆ دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت ڕۆڵی پێشەنگایەتیمان لە ئەستۆ گرتووە."
نورحەیات ئاڵتون ئاماژەی بەوەدا کە پارادایمەکانی بەڕێوەبەرییە ناوخۆییەکان گوزارشت لە هێڵی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژنان دەکات کە لە چوارچێوەی ئەم پارادایمەدا لە بەڕێوەبەرییە ناوخۆییەکاند چەندین سیستەمی نوێیان وەک هاوسەرۆکایەتی، دامەزراوەکانی ژنان، فرە زمانی، مافی نوێنەرایەتیکردنی جیاوازییەکان و مافی مرۆڤ بونیاتناوە."
'وەک دووژمن نزیک بوونەوە'
نورحەیات ئاڵتون ئاماژەی بە سیاسەتی فشار و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان کرد، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا ئەم پارادایمە جێبەجێ بکەن. ئاڵتون ئاماژەی بەوەشکرد ئیدارەی ناوەند چونکە بە تێکۆشانەکانیان سەغڵەت دەبوون لە ڕێگەی قەیومەوە دەستیان بەسەر ئیرادەی گەلدا دەگرن و ئیدارەی ناوەندیش هەر بەوەوە نەوەستاوە و بە پاساوی بێ بنەما دەستبەسەریانی کرد و زیندانی کردن.
نورحەیات ئاماژەی بە ڕۆڵی بەڕێوەبەرییە ناوخۆییەکان کرد بۆ بونیاتنانی پڕۆسەی ئاشتییانە و گوتی: "ئەوەی لەوێ تاڵاندەکرێت بەرهەمی پارتێک بە تەنها نییە، بەها بنەڕەتییەکانی گەلە. هەربۆیە زیندانی کردنمان بە واتای 'تۆ لە ئێمە نیت'، دێت.
وەک 'دوژمن' نزیک بوونەوە و ئەم یاسا سەپێنرا. چونکە ٧ ساڵ زیندانی کرام. لێرەدا دەربارەی شارەوانی هیچ بانگەشەیەک نەبوو. شێوازی دادگاییکردنمان لە دژی یاسا بوو."