پێگەی زانیارییەکانی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی (هیوا) کەوتەکار

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان پێگەی زانیارییەکانی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی کوردی کردەوە، کە دەکرێت لە رێگەیەوە سەرجەم داتا و زانیارییەکانی پەیوەست بەو بەندکراوە کوردانە لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێران بدۆزرێتەوە.

لە دەیەمین ساڵی دامەزراندنیدا تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، پێگەی زانیارییەکانی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی کورد لە ئێراندا (هیوا) دەستی بە کار کرد. ئەم پێگەیە لە قۆناغی یەکەمدا ناونیشانی زیاتر لە ١٠٠ زیندانی و دەستبەسەرکراوی سیاسی و مەزهەبیی کورد و ڕوونکردنەوەی پرۆسەی دەستبەسەرکردن، دادگاییکردن، سزادان و بەندکرانیان لە خۆ دەگرێت. بەڵام ئامانجی ئێمە کردنەوەی لاپەڕەی هەرچی زیاترە بۆ دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی دیکەیش و پرۆژەکە تەنها لە بەندکراوانی ئێستادا کورت نابێتەوە."

 ئەم پێگەیە لە قۆناغی یەکەمدا بە دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی خراوەتە بەردەست و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشی کوردییش لەسەر ماڵپەڕی ڕێکخراوەکە زیاد دەکرێت.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان راشیگەیاندووە: "ئێمە «هیوا»مان بە هیوای ئازادبوونی زیندانیانەوە دەست پێ کردووە، ئەگەرچی بە داخەوە لە پرۆسەی ئامادەکردنی پرۆفایلی زیندانییەکان و لەم مانگانەی دواییدا سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدانی دوان لەم بەندکراوانە، کامران شێخە و ڕەزا ڕەسایی، کە لە پرۆسەیەکی دادوەریی نادادپەروەرانەدا بەسەریاندا سەپێنرابوو، جێبەجێ کرا."

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو بەردەنگەکانی دەکات بۆ دەوڵەمەندکرانی پێگەی زانیارییەکانی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی کورد (هیوا) یارمەتییان بدەن و ئەگەر خۆیان یان یەکێک لە کەسە نزیکەکانیان ئەزموونی دەستبەسەرکردن و بەندکرانیان لە دەستبەسەرگە و زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە، بەپێی فۆرمێک کە لە هیوادا دانراوە، ناونیشان و زانیارییە پێویستەکانیان بۆ بنێران.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رێکخراوێكی سەربەخۆی قازانجنەویستی بێلایەنە کە ساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی فەرەنسا بە شێوەی فەرمی و یاسایی دامەزراوە و "کار دەکات بۆ برەوپێدانی مافەکانی مرۆڤ و بەبەڵگەکردنی ئەو پێشێلکاریانەی لە کوردستان / ئێراندا ئەنجام دەدرێن."